خوشکی خۆشەویست، زادەی کوردستان
|
سپاستان ئەکەم پۆلی چاومەستان
|
لە پاش سپاس و دۆعاخوانیتان
|
عەرزی ئێحترام مێهرەبانیتان
|
وەسیەت بێ بۆتان، هەرچی من ئەڵێم
|
بیگرنە گوێتان، با نەشزانن کێم
|
کوڕێ بەخێو کەین بە خوێنی جگەر
|
ئازاری نەبێ بۆ نەوەی بەشەر
|
بۆ سوودی شەخسی، بۆ مڵکی جیهان
|
برای وڵاتی نەخاتە زیندان
|
کۆ نەکاتەوە درهەم و دینار
|
هەڵنەمژێ خوێنی بێتین و هەژار
|
ئەگەر تەبیعەت کردی بە میران
|
هەژار نەخاتە بێگار و فرمان
|
ئەگەر بۆی ڕێکەوت کردیان بە میر
|
نەشکێنێ دڵی کۆمەڵی زویر
|
ئەر تەعین کرا و بوو بە مەعاشخۆر
|
ماڵی هەژاران نەکێشێ بە زۆر
|
نە ئەفەندی بێ، نە کوێخادێ بێ
|
نە وەک هێندێ کەس چەتری سەرڕێ بێ
|
نەڵێ ئامانجم بەرتیلخواردنە
|
لێی ئاشکرا بێ: دنیا مردنە
|
کوڕێ بەخێو کەین بە خوێنی جگەر
|
ئازاری نەبێ بۆ نەوەی بەشەر
|
هیوای شیرینی، هەوڵ و کۆشش بێ
|
گەر دەوڵەمەن بێ، خاوەن بەخشش بێ
|
ئەگەر هەژار بێ، بە ئیش و فرمان
|
خزمەتی گەل کا بە دڵ و بە گیان
|
ئەگەر کوێخا بوو، نەڵێ من کوێخام
|
سەرکاری ناودێ و وەکیلی ئاغام
|
نەکەوێتە سەر ڕەوشتی بۆگەن
|
خەڵکی دێکەی خۆی نەخاتە ناو بەن
|
دەوڵەمەن نەبێ و خادمی دینار
|
خۆی دوور خاتەوە لە برای هەژار
|
نە پیاوی ئاغا، نە مەعاشخۆر بێ
|
دڵسۆزی گەل بێ، سا بە هەر جۆر بێ
|
گیانی شیرینی بۆ سوودی هەموان
|
بەخت کا لە ڕێی چاکیی نیشتمان
|
ئەوجارە ئەڵێم منیش کوڕدارم
|
لە ناو بەشانا منیش بەشدارم
|