شیعرێکی سەیری کوردیم چاو پێکەوت
شیعرێکی سەیری کوردیم چاو پێکەوت | لە ماناکەیا مەراقەم ڕێکەوت |
مانای شیعرەکەم لێ بوو بە مەتەڵ | نەمزانی قازان بووە بە مەنجەڵ |
«قازان قەتار بەست قوڵنگان هەوایی | حەیفە قیبلەکەم شەو بە تەنهایی» |
دە فەرموو قاز و قوڵنگ و دوڕاج | ئەمانەم بۆ بکە بە مەنجەڵ و پاچ |
قازان، قوڵنگان پۆلی باڵداران | پێکەوە ئەژین وەک دەستەی یاران |
یەعنی کە ئەوان قەتار ئەبەستن | حەیفە تۆ تەنها بە بێ من نووستن |
یاخود کە مەنجەل لە ڕیز بە قەتار | ئاو گەرم ئەکەن بۆ مردووی نازدار |
وا هات جەمعی قاز کە بوو بە قازان | مەنجەڵی گەورەیش پێی ئەڵێن قازان |
ئینجا قوڵنگان قوڵنگی باڵدار | ئەکەونە هەوا ئەڕۆن بە قەتار |
پاچیش قوڵنگە جەمعی قوڵنگان | بەرز ئەبنەوە وەختی پاچ لێدان |
یەعنی پاچ بە دەست قەبرەڵکەنەوە | بۆ داوەشاندن بەرزیەکەنەوە |
بەمە مردنمان ئەخەنەوە بیر | های شیعری مبهەم، های عەقل و تەدبیر |
ئێمە مردنمان ناوە بە لاوە | تازە عومرمان لەنوێ نووسراوە |
تریاکمان پێیە لە مار ناترسین | لەبیر خستنەوەی مردن وەڕەسین |
دوای مردن پرسین نییە مەترسە | چۆنت هاتە پێش لێدە مەپرسە |
ئێمە کە عومر بە کەم ئەژمێرین | حەیف نییە ئەویش بە ترس ڕابوێرین |
دانا لە نادان بادەنۆش ترە | گۆم هەتا قووڵ بێ مەلەی خۆشترە |
بیری دواڕۆژمان بوو بە ئەفسانە | نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لە خوانە |
قەیدی قیامەت مەخەرەوە یاد | بزەن بەر ڕەندان هەرچی بادا باد |
دنیات بەم ڕەنگە بۆ ئەچێتە سەر | بۆ دین و ویژدان خۆت مەخە خەتەر |
چونکە ئەم دوانە ئێستا فیرارین | کەوتوونە شاخان شوێن نادیارین |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 549 و 143
1938/01/27
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|