کوردە! وا دیسان شین و زاریمە
|
زایەڵەی چەمەر بێقەراریمە
|
قارەمانی کورد، زادەی کوردستان
|
نانەوازادە، شێری نیشتمان
|
بۆ ئازادیی کورد، بە میهرەبانی
|
گیانی شیرینی کرد بە قوربانی
|
هەر ئەو شەربەتە شێخ سەعید نۆشی
|
دوکتور فوئادی خستە سەرخۆشی
|
کە شێخ قادری ناردە ناو مێژوو
|
سمکۆی کرد بە کان وەفا و ئابڕوو
|
ئەمیش ئەو پیاڵە، ئەو مزە، ئەو مەی
|
ئەو بەزم، ئەو بیسات، ئەو شادی و هەی هەی
|
هەر وا ئەو شەربەت ئاڵی گوڵناری
|
کرد بە نۆش گیانی، بۆ فیداکاری
|
بە سووک نەڕۆییشت لاوچاکی پەسەند
|
پەترۆی زامانی «خۆشەوی» هەڵکەند
|
لە هەر دوو چاوی کورد و کوردستان
|
فرمێسک ئەبارێ تا ئاخرزەمان
|
باوجوود ئەمە پێی ناڵێن مردن
|
لە ڕێی ئازادی، گیانبازی کردن
|
خوێنی شەهیدان بۆیە ناوەسێ
|
توڕڕەی ئازادیی هۆزی ئەنووسێ
|
وەتەن! موژدە بێ، قوربانیت زۆرە
|
قارەمانانت ئەیکەن بە نۆرە
|
سەد هەزار لاوان فیدای ناوەکەت
|
هاژەی نەسیمی سەرکڵاوەکەت
|
مەترسە، تازە شکا زنجیرت
|
پێشەوای مەزن کەوتە تەگبیرت
|
تازە بەسەر چوو ورەی ئیستیعمار
|
موژدە بێ کە وا هاتینە ڕووی کار
|
بێمەوە سەر باس جوانەمەرگەکەم
|
زووخاوی دەروون، کزەی جەرگەکەم
|
کاتێ تەشریفی برد بۆ لای یاران
|
بۆ سەربەستیی هۆز، خۆی کرد بە قوربان
|
وەتەن بۆ بەروار ساڵی نەمانی
|
نەوی لە قەڵەم، زۆر بە ئاسانی
|
بە پیتی ئەبجەد هاتە گفتوگۆ
|
«ئازیزا لاوچاک، شێری شێران ڕۆ»
|