شین بۆ شاعیری بەناوبانگ حاجی تۆفیق مەشهور بە «پیرەمێرد»

شین بۆ شاعیری بەناوبانگ حاجی تۆفیق مەشهور بە «پیرەمێرد» (1953)
by قانع
307182شین بۆ شاعیری بەناوبانگ حاجی تۆفیق مەشهور بە «پیرەمێرد»1953قانع
دیسان سەر لەنۆ ماڵ وێرانیمە تەم و تەمەلوول سەرگەردانیمە
دیسان وەک جاران شین و زاریمە خەم و پەژارەی دەردەداریمە
دیسان چەرخەکەی چەواشەی بەدخوو بۆ ئازاری دڵ کەوتە هات و چوو
دیسان قرچەی زام دەروونی ڕێشم زوخاو ڕێژ ئەکا جەرگی پڕ ئێشم
گەردوون هەرتاوێ جەورێ ئەنوێنێ چەشنی بایەقوش بەزمێ ئەخوێنێ
گەردوون کردەوەی نامورادییە دۆس لەیەک کردن لە ناشادییە
گەردوون بەدکاری بەینی دڵانە گەردوون خەزانی باخچەی گوڵانە
گەردوون هەر ڕۆژێ دووژمن پیاوێکە زەهری کوشندەی خاوەن ناوێکە
حاجی تۆفێق بەگ، پێرەمێرد مەشوور مامۆسای زانای کۆڕی خوار و ژوور
کام پیر ئەو پیرە بە هۆشیاری عەمری ڕابوارد بە فیداکاری
کام پیر ئەو پیرە بە ژیان و ژین گشت کوردستانی پڕ کرد لە زانین
کام پیر ئەو پیرە هیممەتی نوان بۆ کوردی نووسین ئەو ڕچەی شکان
کام پیر ئەو پیرە پەندی پێشینیان کرد بە مامۆسای بێگانە خوێشان
بۆ لای هاوفەردان کەوتە دەس و برد لە کۆڕی یاران ماڵ ئاوایی کرد
ئەمجا ئەزانم شوومی کوردانە بەدبەختی هۆزی کوردی زوانە
گەردوون ڕیزی گرت بەشاعرانی یەک لە دوای یەک بۆ دنیای فانی
زیوەر تیرێکی دا لە زامانم بێکەسیش قوڕی دا لە سەرشانم
دڵداری کۆنی نەو چووزی لاوم پەردەی تاریکی خستە سەرچاوم
کوا حاجی قادر کوانێ بەدرخان؟ کوا بڕۆ بڕۆ و دەبدەبەی بابان؟
کوا سوارەی شەمزین کوا زەندی دلێر؟ کوانێ ئاردەڵان چەشنی تەرزە شێر؟
کوا دوکتور فوئاد شێری بە نامووس؟ کوا ئەمین زەکی لاوی مێژوونووس؟
کوانێ شێخ مەعرووف خاوەنی دووباڵ؟ یەک عیلمی زاهیر، یەکێ عیلمی حاڵ؟
کوا نالی و ناری و کوردی و مەولەوی؟ کوانێ بەیتووشی مەلای لوغەوی؟
کوا مەلای عاشق لە بێسارانم؟ کوا حەمدی نەوەی ساحێبقڕانم؟
وە نییە کوردستان ئەوەڵ جاری بێ؟ تەنها شاعێرێ بە خەساری بێ
بەڵام پیرە مێرد ئێشی گرانە چون خاڵەی دەسەی گشت شاعرانە
پیری دڵ جوان قەڵەم جوانم ڕۆ خەمخۆری دەسەی بێکەسانم ڕۆ
جێماوی کۆچی ئەمین زەکیم ڕۆ دوا قەتەی شاعر یەکی یەکیم ڕۆ
ئاگری وجاخی خانەدانم ڕۆ دڵسۆزی هۆز و نیشتمانم ڕۆ
قەڵەم نۆرەتە بێرە دەس و برد بنووسە مێژوو بۆ مامۆسای کورد
قەڵەم مەردانە هاتە سەر جەولان لەسەر ڕووی کاغەز گەوهەری ڕژان
بە پیتی ئەبجەد هاتە گفتوگۆ مامۆستای کورد و خاوەن ژینم ڕۆ


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).