شین و واوەیلایە یاران تێتە گوێم دەنگی گرین
شیوەن بۆ شێخ قادری حوسەینی سۆڵە
شین و واوەیلایە یاران تێتە گوێم دەنگی گرین | حەشرە وا سەیوانی غەم پۆشیویە ڕووی گەردوونی شین |
پێم بڵێن ئێوە و خوا، ئەسپابی ئا ئەم فیتنەیە | بۆ چی ئەشراف، تاکو ئەسناف، ئەشقیا، تا ئەهلی دین |
یا قوڕی پێواوە یا ڕەشپوشە یا خۆ شین ئەکا | یا وەکوو دانیشتووە، مەبهووتە، مات و دڵ خەمین |
ئەسمان ڕووخاوە، خۆر گیراوە، دونیا ئاخرە | کۆچی شێخ قادر چووە بۆ باخچەیی خولدی بەرین |
بێنەوە بگرین بە کوڵ، شیوەن بکەین گشت کورد زوان | بۆ قەڵای پشت و پەنای عیسیانی کوردی بێ موعین |
دەک فەڵەک داوا ئەکەم هەر لێڵەییی بێ بەختەکەت | بۆچ کەژی سەرشاخی سۆڵەت خستە ژێر قەعری زەمین |
چۆن ئەبێ دڵ خۆش بکەین ئێستە بە خۆشیی نەو بەهار | مادەمێکی چەرخی چەپگەرد ئەم بەهارە، شاگوڵی باغی بڕین |
نەو نەمامێ بوو لە گوڵزاری ئومێدی سەربەسی | بۆ تەرەقیی کورد ببێتە نەردەوان و سەرکەوین |
سەیری کە دەستی قەزا چۆن دایە بەر تیغی ئەجەل | چۆنی کاول کرد بە جارێ قەسری هیوامان بە قین |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|