ئەی وەتەن! دایم خەریکی شیوەن و گریانتم
|
ئەی وەتەن! سووتاوی زامی دەردی بێ دەرمانتم
|
گەر خوا بۆم کا بە وەڵڵا گیانفیدای لاوانتم
|
ئەی وەتەن! شێواوی حاڵی قەومی بێ سامانتم
|
دایما سەودازەدەی دەستی خەم و هیجرانتم
|
خۆم ئەزانم چەن کەساس و دڵ برین و ڕەنجە ڕۆم!
|
خۆم ئەزانم، چۆن دوچاری زامی پڕ ئێش و بەسۆم!
|
با بزانن یەک بە یەک ئەفغان و تورک و فارس و ڕۆم
|
کۆهکەندەی بێستوونی فیرقەتی شیرینی تۆم
|
بۆیە دایم بێ تەوەققوف، جان بەڵاگەردانتم
|
ئەی وەتەن! وەڵڵا لە بووکی یەکشەوە زیباتری
|
تۆ لە دووسەد کیمیا و زێڕ و گەوهەر چاتری
|
بۆ خوماری کەلە بێ شک تۆ لە مەی سەهباتری
|
تۆ بە مومتازی لە فیردەوەسی بەرین ئەعلاتری
|
بۆیە وەک بولبول هەمیشە تالبی گریانتم
|
ئەو کەسەی تەنیا و بە بێ کەس ڕۆڵەڕۆی بێ، هەر منم
|
خەم فرۆش و خەم کڕ و یا خەم بە کۆی بێ، هەر منم
|
گەر بە ڕاستی بێ تەواوی یا درۆ بێ، هەر منم
|
گەر لە دنیا تاقەتی ئەحزانی تۆی بێ، هەر منم
|
وا موقیمم ئەی وەتەن، وەک شاخی هەورامانتم
|
گەر دەمیشم هەڵدروون، دڵ ناڵە و ئەفغان ئەکا
|
چاو بە بێ فیکری دەروون چۆن فێرە خۆی گریان ئەکا
|
دار و بەردی هۆدەکەم، هەر زیکری یا کوردان ئەکا
|
عیشقی میللەت لە دڵما هێرش و جەولان ئەکا
|
ئەی وەتەن! بۆ تۆ بفەوتێم، قۆچەکەی قوربانتم
|
من وەکوو ئەسکەندەرم، کەوتوومە ناو گێژی مەمات
|
ئەی ئەرستۆی خوێندەواران! غیرەتێ بۆ ڕێی نەجات
|
ئەی وەتەن! وەک بەعزێ کەس گوێ نادەمە هات و نەهات
|
گەر لەگەڵ یادی ئەتۆدا، سەرفی کەم مودەی حەیات
|
وا ئەزانم موونسی سەد کەوسەر و عەدنانتم
|
قانعا نەزمت پەشێوە، داخەکەم فاییەی چییە؟
|
من ئەزانم هەوڵ و دادت بێ سەمەر داری بییە
|
هەرچی هاوارێ ئەکەی، لای بێ تەمیز هەر فیفییە
|
باوەڕت بێ ئەی وەتەن! لافم لە ئەشعارا نییە
|
شاعیرێکی گیانفیدای، ئاو و هەوای نیشتمانتم
|