هەوری بەختی کوردستانە شیوەن و گریان ئەکا
|
ناڵە ناڵی بێ کەسانە جەرگ و دڵ بریان ئەکا
|
دەنگی قیژ و هوڕی خەڵقە دێت لەژێر چەرخی زەمان
|
ئاهی مەزڵومانی برسی عالەمێ وێران ئەکا
|
دووکەڵی قرچەی دەروونی بێ جل و بەرگ و ژیان
|
بوو بە هەور و وا بەسەر کێوانەوە سەیوان ئەکا
|
هێندە جاری بوو لە چاوی کوردستان فرمێسکی خەم
|
بێ تەماشاکە هەزاران تانجەڕۆ و سیروان ئەکا
|
بۆ حەڵاڵە ماڵی من یا بۆچی فەرزە کوشتنم
|
دەک خەجاڵەت بێ درۆزن چۆن وەها پیلان ئەکا
|
کەس نەڵێ لافاوی ئاوە ئاوی سووری شیوە سوور
|
خوێنی ئاڵی بەندی جەرگە شیوەنی بابان ئەکا
|
قانعی فیکری بەجارێ سەرف ئەکا بۆ هۆزەکەی
|
نەک وەکوو یارۆ خەیاڵی سەرفی چا و قلیان ئەکا
|