شێرە سەگێکە هی دۆستێکی من
شێرە سەگێکە هی دۆستێکی من | تا بڵێی وریا و زیرەک و هێمن |
هەروەک یاساوڵ شەو تا بەیانی | لەبەر دەرگایە بۆ پاسەوانی |
ئیتر خاوەن ماڵ بێ خەم بێ حەسحەس | بۆ خۆی لێی ئەنوێ و ناترسێ لە کەس |
هێشتا نەمدیوە سەگی وا ئەمین | هیچ هەڵپە ناکا لەبۆ شت دزین |
بام سەری تەبەق هەر بەرەڵڵا بێ | دەم بۆ نان نابا لەبەر لووتیا بێ |
ئەبێ هاوڕێکەم خۆی بەشی دانێ | چونکە سپڵەیی و مووشە نازانێ |
بە دوو نانی جۆ و کەمۆڵەیەک ئاو | قانیعە و هەڵمەت نابا بۆ پڵاو |
هێند بەوەفایە کە بوویتە یاری | کە دیتی خۆی دێت بۆ لات بە یاری |
هێشتا تووتک بوو کە منی دیبوو | منیش بە خۆشی خۆم پێ ناسیبوو |
موددەتێ ڕابوورد کە دیم لێی ترسام | ئەو منی ناسی و هەڕای کرد بۆ لام |
قرووسکە قرووسک هەروەک زوبان زان | تێی ئەگەیاندم جەفای لێک بڕان |
ئیتر نازانم یاران چۆن حەیوان | ئەبێتە خاوەن ئەخلاقی وا جوان |
بەڵێ هەندێکی هی مامۆستایە | بەڵام زۆریشی هەر لە خودایە |
زۆری وا هەیە بە ناو ئینسانە | لێی ورد بیتەوە جان کوڕی جانە |
ئەگەر ناودەمیان پڕکەی لە هەنگوین | لە تۆ بترازێن ئەکەونە نەفرین |
بێ وەفا و سپڵە خائین نالەبار | کەموکووڕیی پیاو ئەبەن شاربەشار |
ماڵی خزم و دۆست وەک گەزۆ و مازوو | ئەفڕێنن ئەیخۆن بە زۆری بازوو |
شیرازەی دۆستی لایان پساوە | کەمترین هەڵەی تۆی لەبەر چاوە |
بە قسە هیچی نەهێشتووەتەوە | بەڵام بۆ کردە زوو لێبووەتەوە |
دیار بێ و دیار نەبێ ئەیەوێ کە پیاو | لە هیچە کەوشی بخاتە سەرچاو |
لای تێگەیشتوو سەگێکی هەژار | بەشەرەفترە لە سەد بەدکردار |
هەرچەند ئەوانە وەک پیاو خوڵقاون | بەڵام تا وا بن لای من گڵاون |
شێرە تاو توو ناکەم بەوانە | هەرچەند حەیوانە کردەوەی جوانە |
ئەشێ هەرکەسێ کە وا بێ خێرە | پێی بڵێی درێغ نابی بە شێرە |
1945/10/20
شێراوێژە، چوارتا
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|