گوێ لە من کە بۆت بڵێم ئەی کوردی مەرد
|
وەقعەیی دڵسۆز، تا بتکاتە بەرد
|
تۆ گەلت مەزڵووم و سەرگەردان بووە
|
نیشتمانت سەر بەسەر وێران بووە
|
ساوە وو لاوت، لە زانین بەش بڕاو
|
پیر و قەیرەت غەم خۆر و مەزڵووم بوو
|
نیشتمان وێران و میللەت دەربەدەر
|
هیچ نەما بوو، بۆ پیاوت خێر و فەڕ
|
شێخ سەعیدی گەورە شێخی پالۆ بوو
|
ئاگەداری سەرشێواوی و حاڵی بوو
|
مەردی زۆر زانا وو گەورە هیممەتی
|
بەحری مەند بوو عیلم و فەزڵ و هەیبەتی
|
شەست مەلای وای پێگەیاند وەک سیبەوەیهـ
|
پیری ناسراو بوو لە گورجی تاکو تەیهـ
|
سەد هەزارانی مریدانی هەبوو
|
بۆ ئەمانە پێ خۆر و، نانی هەبوو
|
غیرەتی میللەت لە دڵیا هاتە جۆش
|
عەشرەت و خزم و کەسی کەوتە خرۆش
|
ناوی خوای هێنا وو دەستی کردە شەڕ
|
شاری کوردانی وەدەست خست، بەرەبەر
|
لەشکری تورکان لەشەڕ هەشتا هەزار
|
سەر سنووری دەورەدا، بۆ چل هەزار
|
شەڕ هەتا سێ مانگ و دە ڕۆژ بوو تەواو
|
کوردەکان لای پردی پالۆ، بوون بڵاو
|
هێندە عەشرەت غایەنی کرد، بۆیە وا
|
مەحوو بەرباد و پەرێشان بوون ئەوا
|
شێخ کە زانی ئیشەکەی کەڵکی نەما
|
لەشکری دەوری کە جێمابێ کەمە
|
خۆی بەشەرتێکی وەها تەسلیم کرد
|
هیچ کەسێ مەسئوول نەبێ گەوران و ورد
|
بۆ دیاربەکر بردییان و کوشتیان
|
دار و سێپا دانرا، خنکانیان
|
ئەو شەهیدی گەورەیە ساڵی لە شەست
|
تێپەڕی بوو کەوتە گوڵزاری بەهەشت
|
بێ قەرار و قەول و، بێ شەرتن هەموو
|
تورکەکان سەردارەکانیان گرت هەموو
|
شێخ عەبدولقادری غەوسی دووەم
|
باسی کوژرانی ئەویشت بۆ بکەم
|
عارفی بیللاهێ بوو مەردێکی تەقی
|
پیری فانی زاهیر و باتن نەقی
|
جێنشینی شێخ عوبەیدوڵڵاهـ بوو
|
خۆشەویست و ڕۆڵەیی دڵخواهـ بوو
|
غەوسی بەغدا پشتییەو باپیرییە
|
الحسن ابن البطوش جددییە
|
نوتفەیی پاکی ڕەئیسولئەنبییا
|
ڕوتبەیی خۆشی ڕەئیسولئەولییا
|
بردیانە ژێری سێ پا بەستیان
|
لەعنەتوڵڵاهی لەوانەی کوشتیان
|
شێخ زادە نور موحەممەد ڕۆڵەشی
|
هەروەها کوژران بەسێ پا بوو بەشی
|
مەشهەدی ئەو ڕۆژە هەر وەک کەربەلا
|
خوا بەتورکانا ببارێنێ بەڵا
|
عیلم و فەننی بوو ئەرەستۆیی جیهان
|
عەزم و ئازایی وەکو شێری ژیان
|
باوک و کوڕ هەردوو بەیەکجا کوشترا
|
تف لە تورکان بێ، لە تەئریخ نووسرا
|
میر ئەڵا خالید بەگیش سەردار بوو
|
پێش ئەوی بوو، ڕەهبەری بێدار بوو
|
ئەو سەرۆکی عەشرەتی جەبران بوو
|
ئەو مەداری ئیفتیخار و شان بوو
|
پێگەیشتووی مەکتەبی عەشرەت بوو ئەو
|
پڕ دڵی بۆ گەل غەم و میحنەت بوو ئەو
|
ژن برایی شێخ سەعیدی گەورە بوو
|
بۆ بڵندیی گەل لە کەشف و دەورە بوو
|
چوو بووە ئەرزڕۆم لە کاتی گرتیان
|
مەرحەمەتیان لانەبوو زوو کوشتیان
|
هەر کە ئەویان کوشت و، کورد پشتی شکا
|
تێپەڕی ئەوجارە ئاشتبوون و تکا
|
بێ وەفان دەستیان شکێ چۆن کوشتیان
|
لەو شەڕی ڕووس و یۆنان چیی کرد بۆ وان
|
ناردراوی گەورەیی بەتلیسییان
|
ڕۆحی کورد یووسف ضیا بەگ، نەوجوان
|
ئیددیعای حەقق و بەشی کوردی ئەکرد
|
هێندە هەوڵی دا، هەتا لەم ڕێیە مرد
|
دەچووە کۆمەڵگاهی گەورەی تورکەکان
|
مەسئەلەی کوردی ئەدایە چاویان
|
گرتیان و کوشتیانیش بێ ئەمان
|
ڕۆژی وا دێ ئەژنەوی تورکان نەمان
|
سەرگەلەی کوردان بوو دقتۆر فوئاد
|
بۆ پەرێشانیی گەلی ئەیکردە داد
|
ئەو نەخۆشانی بەبێ مز چاک ئەکرد
|
ڕۆح و ماڵی سەرفی ڕێگەی گەل ئەکرد
|
ناوی دەرچوو بوو لەنێو کوردوستان
|
داخ داری کردەوەی بوون تورکەکان
|
وەعز و ئیرشادی ئەکرد بۆ میللەتی
|
بۆ وەتەن بۆ ئاخ و داخ و حەسرەتی
|
ڕۆژی ڕەش ئەویانیش هەڵواسی لە شار
|
دیاربەکر ماتەمگە بوو، گریان و زار
|
شێخ عەبدوڵڵاه، شێخی مەلەکان
|
غەمخۆری بوون ئەهلی ئەرز و ئاسمان
|
عالیم و عاقڵ بوو، داناو و زەکی
|
بۆ گەل و دینیشی حازر بوو چەکی
|
گەورەیی تەکیە و خەلیفان و مورید
|
ئەو بوزورگەشیان بەسێپا کرد شەهید
|
شێخ شەریفی نامداری شەهسوار
|
ڕۆژ و شەو بۆدین و گەل ئەیکرد هەوار
|
خاوەنی گەنج و خەزینە و ماڵ بوو
|
خۆی بەنووستنی سەر حەسیر خۆشحاڵ بوو
|
دۆشەگ و قاڵی بوو دانشتگەی میوان
|
خزمەتی یەک بوو لە دەرهەق شاهـ و شوان
|
بەرگی بەرخۆی کۆنەو و پێناوی بوو
|
بەخششی زۆر بوو لە دنیا ناوی بوو
|
خزمەتی زۆرە لە دەرهەق میللەتی
|
چوونە سەر سێپا بوو ئاخر میحنەتی
|
ئەی شەهیدی موحتەرەم، ئەی نامدار
|
تاکو ڕۆژی حەشرە ناوت پایەدار
|
باسی مەقسودانی بابا بەگ بکەین
|
زامی جەرگی میللەتی پڕ خوێ بکەین
|
ڕوکنی کوردستانی ژوور و بوو ئەوی
|
دەردی گەل نەیهێشتبوو خۆراک و خەوی
|
هێندە تێکۆشی، هەتا لەم ڕێیە چوو
|
دوا نەفەسدانی لەسەر سێدارە بوو
|
یاوەرێکی میر ئاڵا بوو، نەوجوان
|
لای نەبوو عەلی ڕەزا بەگ ماڵ و گیان
|
گەهـ وتەی بۆ کاری، بۆ جووڵانی گەل
|
دەینووسی گاهێ بەچاپ و، گەهـ بەپەل
|
گەهـ لە مەیدانی شەڕا جەنگی ئەکرد
|
دوژمنی ترسان لەسەر سێدارە مرد
|
لاوی نەو جاهی نەوەی قۆچ زادە بوو
|
خانەدان و دیتەو و بەگزادە بوو
|
داخەکەم ساڵح بەگی هانیش چوو
|
زۆر فیداکار و حەمییەت مەند بوو
|
ڕەهبەر و سەرکردەو و شەڕ کردە بوو
|
پیاوی تەدبیر و وتە و گۆ بردە بوو
|
ئەو دواڕۆژی دەزانی وەک سەطیح
|
ئاخری گوم بوو لەبەر چاو وەک مەسیح
|
خەڵکی هانی مستەفا بەگ شێروەش
|
هیچ نەمابوو ئەو بەتەنگی گیان و لەش
|
کار بەدەست و گەورەیی کوردان بوو
|
سایەدار و موئمینی یەزدان بوو
|
دین و میللەت بوو دەماودەم گفتوگۆی
|
تا وەکو خنکا لەسەر سێپایە خۆی
|
لاوی گەل، خیزانی زادە بەتلیسی
|
بەگ، کەمال فەوزی بەبێ ترس ئەینووسی
|
خاوەنی چاپ و غەزاتەی کورد بوو
|
شاعیر و نووسەر بەڕاستی مەرد بوو
|
هێندە نووسی تاکو ڕۆژێ گرتیان
|
دەست و پایان بەست، بەسێپا کوشتیان
|
چوتی زادە بوو کەمالەددین بەگ
|
پیاوێ دیاری بوو لە خەرپووت وەک مەلیک
|
حەق پەرست بوو و حەقیقەت بین بوو
|
هۆش و بیر و کاری بوو، تێبین بوو
|
دەردی میللەت ئاخری کاری لێکرد
|
ڕێی لەسەر سێدارە بۆ فیردەوس برد
|
حاجی ئەخنی بەگ دیاربەکری بوو ئەو
|
بێ مز ئەوقاتی فەقیری گەل بوو ئەو
|
غەدر ئەکا دیتی لە کوردان مەحکەمە
|
ڕۆڵە کوژراوش بێ، کوردی موجریمە
|
هێندە تیکۆشی، نیفاقی لانەبرد
|
ئاخری تێچوو لەسەر سێدارە مرد
|
بۆ شەهیدان بێجگە جەننەت جێ نییە
|
یەک لەوان خالید بەگی حەسەنانییە
|
عەشقی میللەت ئیختیاری سەند بوو
|
خۆی فیدای نیشتمانی پاکی کرد بوو
|
هیممەتی وەک ئەلبرووزی کێوی قاف
|
دەنگی ئازایی چوو بوو قاف تا بەقاف
|
عەشرەتی هەستان و خستە کارەوە
|
بۆ گەلی دوایی بووە سێدارەوە
|
حاجی مووسازادە عیززەت بەگ ئەویش
|
دەستی کردە وەعز و ئیرشاد و بەئیش
|
گەرچی دەیزانی دوایی تێ ئەچێ
|
خان و مان و ماڵ و موڵکی تێک ئەچێ
|
غیرەتی نەیهێشت لە جێی خۆی دانیشێ
|
لای نەبوو ترسی کە دوژمن بیکوژێ
|
دانرا بۆ کوشتنی دار و پەتی
|
بابژی میللەت لەسەر سێپا وتی
|
یەک لە گەورەی پالۆ عەبدوڵڵاهـ بەگ
|
پیاوەتیی دەنگی چوو بوو تاکو فەلەک
|
کوردێ ئازاری بدیتایە لە تورک
|
دەچووە لای پاسی بکا وەک شوان لە گورگ
|
سایەیێ بوو بۆ پەرێشانانی گەل
|
نان بدە بۆ کەفتە وو پیران و شەل
|
سەبر و ئارامی نەما بوو، کەوتە شەڕ
|
تا لەبەر سێپا وتی؛ بۆ گەل بێ سەر
|
شاعیر و میللی و گەلی خەڵکی سعرد
|
ئومروئولقەیس دوای ئەوی هێشووی ئەکرد
|
ناوی مەلا عەبدولڕەحمانی زەکی
|
هەر لە کارا بوو قەڵەمدان و چەکی
|
ڕۆژ و شەو دەینووسی وو هەوڵی ئەدا
|
بۆ کەسی خۆی کرد لەسەر سێپا فیدا
|
طاش کەسانلی شێخ ئیبراهیمی چاک
|
بۆ بڵندیی دینی کەوتە ژێری خاک
|
دیتی تورکان هەوڵ ئەدەن دین لابەرن
|
شەرع و قورئانش لە ناوا هەڵگرن
|
سەبر و ئارامی نەما خۆی دایە کوشت
|
زوو لە سەر سێدارە ڕۆیی بۆ بەهەشت
|
شێخ ئیبراهیم ئەفەندیی شێخی جان
|
دای لە ڕێگەی دین و میللەت ماڵ و گیان
|
دین کە هەڵگیرا وتی سەر بۆ چییە
|
ماڵ و منداڵ و ژیانمان بۆ چییە
|
جاڕی ڕادابوو بەسەر تورکا جیهاد
|
تا لەسەر سێپا بەجەننەت بوو بوو شاد
|
یەک لە سەرکردەی شەهیدانی وەتەن
|
ئەلحەسەن زولکیفل بوو، پۆشیی کەفەن
|
تێگەیی ئەمڕۆ دەمی مللییەتە
|
چوونە ژێر باری کەسی دی میحنەتە
|
دەستی دایە پێنجتیر و کەوتە کار
|
ڕانەوەستا تاکو خنکانیان بەدار
|
شێخ بەهائەددین برایی شێخ سەعید
|
ئەو بوزرگەش بوو ئەلەم ڕێیە شەهید
|
دیتی تورکان زوڵمیان زۆرە لە کورد
|
چەن هەزار کەسیان پەرێشان کرد و مرد
|
ئەمری کردە قەومی کوردان بۆ جیهاد
|
هەر چییەکمانش بەسەر دێ باد باد
|
ڕانەوەستا تا لە شەڕدا پێوە بوو
|
گرتیان ڕۆحی لە سێپا لێوە بوو
|
والیی دارە هانی بوو فەقێ حەسەن
|
جەرگی میللەت بۆ ئەوی بۆتە سەرەن
|
بەخشش و ئەنعامی تورکانی نەویست
|
سەر بڵندی و گەورەیی کوردانی ویست
|
کەوتە ڕیزی نامدارانی وڵات
|
جەننەتی بوو بۆ مزی سێپا خەڵات
|
یووسف ئاغا ئەهلی غیرەت بوو ئەویش
|
با فیدای گەل بێ وتی ماڵ و سەریش
|
هاتە مەیدان پڕ لە چەک وەک شێری نەڕ
|
دوژمنی دەشکان دەماودەم بەڕ بەڕ
|
ڕۆژێ کەوتە دەستی دوژمن بێ خەبەر
|
بەستیانە دار و سێپا پەت لەسەر
|
بۆت بڵێم مەمی هەڵۆیە چۆن نەما
|
کەوتە بەر سونگی لەش و گیانی نەما
|
مەردی مەیدان سەرجەلەی شێران بوو
|
بۆ شێواویی گەل دڵی وێران بوو
|
هەر بەخەنجەر ڕانییە سەر دوژمنی
|
دەوریان دا کوشتیان قەومی دەنی
|
بۆ فەقێ ئەحمەد ئەوا سینەم سووتا
|
جەرگ و ناوم وا لە داخی لەت لەتە
|
خاوەنی تەدبیر و هۆش و بیر بوو
|
بۆ شکانی دوژمنی شێر گیر بوو
|
هیچ لە مەیدانی شەڕا کۆڵی نەدا
|
تاکو کوژرا هەوڵی دا مۆڵەی نەدا
|
شێخ زیائەددین ئەفەندیی پالەوی
|
مورشید و سەرداری کوردان بوو ئەوی
|
دیتی باوەڕیان بەقورئانا نەما
|
تورکەکان مەیلیان لەگەڵ دینا نەما
|
هەرچی ماڵی بوو لە شەڕدا خەرجی کرد
|
ڕووحشی دانا لەسەر سێدارە مرد
|
بۆ ڕەئیسی عەشرەتی زەرگانە غەم
|
چەن حەمییەت مەند بوو ئاغا کەرەم
|
عەشرەتی هەڵسان و خۆشی کەوتە پێش
|
هیچ نەترسا دەربەدەر بێ خزم و خوێش
|
وا شەڕی کرد عەشرەتی دوایی بڕا
|
خۆی لە مەیدانا بەگوللە لێ درا
|
قەهرەمانی گەل محەممەد ناو خەتۆ
|
بۆت بڵێم گوێ بگرە کردەی ئەو ئەتۆ
|
شێری غوڕەم مەردی جەنگ و مەعرەکە
|
بتدیایە وات دەدی غەرقی چەکە
|
دەستەیێ پیاوی لەگەڵ بوو کەوتە شەڕ
|
تا شەهیدیان کرد بەگوللە بێ مەفەڕ
|
نەوجوانی شۆخ و شیرین شێخ عەلی
|
ئەو برازای شێخ پالۆیی وەلی
|
لاوی نەوجا بوو لە دڵیا عەشقی بوو
|
عەشقی میللەت ڕۆژ و شەو سەرمەشقی بوو
|
خۆی نەگرت تاکو بەگژ تورکانە چوو
|
تا لە مەیدانا شەهیدی گوللە بوو
|
شێخی نەقشی، شێخ شەمسەددینی پاک
|
ڕووحی ڕۆیی بۆ بەهەشت، جیسمی لە خاک
|
هەر کە دیتی تورکەکان دینیان نەهێشت
|
سەبر و ئارامی نەماو و دانەنیشت
|
ئەو لەبەر دینی جیهادی تورکی کرد
|
بەستیانە دارەوە ئیمانی برد
|
یەک لە مامۆستای قوتابیی مەکتەبان
|
ناوی ئەحمەد فەخری بەگ بوو نەوجوان
|
مورشیدی لاوانی کوردانی شیمال
|
جەننەتی بۆ خۆی بەخوێنی کرد حەلال
|
بۆ نەجاتی گەل چووە نێو مەعرەکە
|
کوشتیان ڕۆژێ لە مەیدان ئەو بەگە
|
موفتیی لیجە مەلا عەبدولحەمید
|
ڕۆڵەشی وەک خۆی مەلا، ناوی سەعید
|
باوک و کوڕ، بۆ دین و گەل هەوڵیان ئەدا
|
ئەمری لادینی درا گوێیان نەدا
|
چون حەمییەت مەند بوون تورکیان نەویست
|
هەر چەنێ ترسانران هیچیان نەبیست
|
هەردوویان هاوردە دیاربەکری خەراب
|
بێ خەتا هەڵواسران دڵ بوو کەباب
|
شێخ جەلالەددین ئەفەندی، شێخی جان
|
بۆت بڵێم ئەو سەروەرە چۆن بوو نیهان
|
دیتی تورکان بەرە بەرە قانوون ئەکەن
|
بۆ نەمانی دین، چەند و چوون ئەکەن
|
بیریان وایە زووانی کورد نەبێ
|
بێجگە تورکی هیچ گفتوگۆ نەبێ
|
ئەو لەبەر دین و گەلی بوو کەوتە جەنگ
|
تا لەسەر سێدارە ڕووحی کەوتە تەنگ
|
شێخ ئەیووبی چیای ڕەش گەورە بوو
|
هەر چییێکم وت لەمەوپێش لەو هەبوو
|
عیلم و فەنن و دین و دنیاشی هەبوو
|
هیچ لە شەڕ کۆڵی نەدا تا پێوە بوو
|
قەدری ئەفەندی لە مەعدەن والی بوو
|
جەننەتی بوو بوو، لە دنیاش ناوی بوو
|
سەر گەلەی کوردان ناوی زولفیقار
|
چۆن شەهیدیان کرد بەسێپاو و بەدار
|
سەر قوماندانانی لیجە حەققی بەگ
|
ڕووحیان برد بۆ بەهشت جەمعی مەلەک
|
چۆن سەرۆکێ بوو مەمەد شوکری گەلی
|
ڕووح و ماڵی دا لە ڕێی دین و گەلی
|
جان فیدا قادر بەگی سینانییە
|
جێی لە فیردەوسە لە دنیایا نییە
|
لیجەیین کەهیەن حەسەن ئەحمەد بزان
|
بۆ بڵندیی کورد، دایان ماڵ و گیان
|
گەورەیی لیجەن حەسەن ئاغا عەزیز
|
خەرجیان کرد بۆ وەتەن گیانی عەزیز
|
شێخ ئیسماعیل شێخی نەقشی بوو
|
بۆ فەقیران نان و خوان و بەخشی بوو
|
خۆی و برای عەبدوللەتیفی نامدار
|
پیاوەتیی لای خاس و عام بوو ئاشکار
|
دیتیان نامێنێ تەکیە و خانەقا
|
واعیز و مورشید، مەلا، کاری شەقە
|
ئەمریان دایە مورید و سۆفییان
|
شەڕ بکەن بۆ دەفعی دوژمن گشتییان
|
تۆپ و بۆمبا وو تفەنگ نەیهێشت مورید
|
خۆشیان دوایی بەسێپا بوون شەهید
|
سەرجەلەی خێڵی گڕاوی لە زکی ناو
|
خۆی و خزمانی لە شەڕدا کەوتنە ناو
|
کۆشش و ڕەنجی ئەدا بۆ میللەتی
|
داکو ڕزگار بێ نەمێنێ ئەزیەتی
|
خۆی و خزمانی لە گێژەنگەی شەڕا
|
هەر بەسونگیی دوژمنی دوایان بڕا
|
حاجی خالید بەگ، چ زاتێ بوو بزان
|
مێشکی پڕ هۆش بوو، دڵ ئاوەدان
|
ڕۆڵەشی مەلا محەممەد بوو، ئەمین
|
غەمخۆری کورد بوون، نەفەس کێش و حەزین
|
کۆمەڵی کوردیان ئەبەست گوفتیان ئەدا
|
هەردوو کوژران، کردەوە دادی نەدا
|
شێخ قاسم، شێخی مەلەکان بوو
|
شادی قەسری جەننەتی عەدنان بوو
|
ڕاستی وو حەققی دەویست، شەرعی دەویست
|
پیسی وو لادینی وو فەحشی نەویست
|
ئەمری دایە کوردەکان چەک پڕ بکەن
|
ڕۆژ و شەو هیچ ڕانەوەستن شەڕ بکەن
|
هەر شەڕی کرد تاکو ڕۆژێ بەسترا
|
بۆ ژیانی دین و میللەت کوشترا
|
شێخ مووسا زادە وریا شێخ عەلی
|
هەوڵی دا قایم بێ دینی، تەمبەڵی
|
دیتی گەل کاری پەرێشان و کزە
|
دوژمنی تاڵان کەر و، خائین، دزە
|
ڕاحەتو خۆراکی هەڵگیرا هەتا
|
کەوتە شەڕ کوژرا بەدەس قەومی چەتە
|
بەحری بەگ، جبرانی یوزباشی بوو، ئەو
|
پیاوی کارا بوو، مەڵێ ناشی بوو، ئەو
|
کوردەکان زانییان پەناهێکیان نەما
|
دین و نامووسیان ئەدەن ئینجا بەبا
|
وەک پڵنگی بێشە هەڵمەتیان برد
|
ڕانەوەستا تاکو لێیان دا وو مرد
|
قەهرەمان بوو تاهیر ئاغای نامدار
|
لەشکری کوردانی کرد، پیادە و سوار
|
کەوتە سەر دوژمن، بەڕوویان هەڵگژا
|
گوللە وو بۆمباو و دانەی بۆ ڕژا
|
ڕای نەکرد تا کەوتە دەستی دوژمنی
|
کوشتیان، ئاوارە بوو ماڵ و ژنی
|
وا نەبوو خوێنخوارەکان هەر پیاو کوژن
|
چەن کەسانێکیانش هەڵواسی لە ژن
|
یەک لەوان دۆتەی نەوەی زەرکان بوو
|
ناوی شوهرەت، خانمی زەرکان بوو
|
گەرچی ژنبوو، غیرەتی پیاوی هەبوو
|
کردەوەی چاکی ئەکرد، ناوی هەبوو
|
گرتیان و بێ خەتا خنکانیان
|
هیچ نەیانگوت حورمەیە، فەوتانیان
|
خانمی دی ناوی بێزار دەملی بوو
|
شۆخ و شیرین و قەشەنگ و خەمملی بوو
|
تێگەیی نامووسی کوردان لا ئەچێ
|
شەرم و سەرپۆشی حەیا وا لا ئەچێ
|
وازی هێنا بوو لە ڕووحی، کەوتە کار
|
کەوتە دووی دوژمن، بەشەڕ کردن بەغار
|
هەر کە لە شکریان شکا، ئەو کەوتە دەس
|
دا لەسەر سێدارە بۆ دوایی نەفەس
|
خانمی دی ناوی کوردی جەبری بوو
|
ڕۆژی تەنگانە و موسیبەت سەبری بوو
|
دیتی کوردان خاو و خێزانیان برا
|
مورشید و گەورە سەرۆکیان سەر بڕا
|
دەستی کردە خزمەتی لەشکر بەچێشت
|
زاد و ئازووخەی لە ماڵی خۆی نەهێشت
|
غیرەتی هێنا بەسەر لاوان و پیر
|
تا ملی بوو بەپەتی سێدارە گیر
|
خانمی دیش ناوی ئەو کۆتاییە
|
پێگەیشتووی خێڵی مەقسوودانییە
|
دیتی کوژرا عەشرەت و خزم و کەسی
|
پڕ دڵی غەم بوو، سەری پەنجەی گەزی
|
زانی چارەی سەر نەماوە، بێجگە جەنگ
|
دەست و پێی هەڵکرد لە مەیدانا قەشەنگ
|
هێندە جووڵا تاکو تووشی بوو ئەجەل
|
کەوتە سێپا، جەننەتی بۆ بوو بەدەل
|
باسی کوژرانی شەهیدان بوو تەواو
|
بۆت بڵێم سەرکردەکانی بوون بڵاو
|
گەورەیی گشتیانە شێخ عەبدولڕەحیم
|
ئەو برایی شێخی پالۆی جێی نەعیم
|
ئیمڕۆ بۆ تۆڵەی شەهیدی ئەعزەمی
|
وا لە کارایە چەک و نامە و دەمی
|
شێخ تاهیرش برایانە بزان
|
گورج و ئازایی وەکو شێری ژیان
|
زۆر زەبەر دەستە حەمۆ فاروویی شێر
|
دوژمنی دەشکان هەمیشە سەر بەژێر
|
گەر بزانی چۆنە یاد و کردەوەی
|
بۆ موەففەق بوونی کوردان ڕێ ئەبەی
|
خۆ سەلیم بەگ شوهرەتی زۆری هەیە
|
ناسراوە کردەوەی جۆری هەیە
|
ئەم برای خالید بەگی جەبرانییە
|
جێی نەفەوتاوە، مەڵێ وەک ئەو نییە
|
حوسێنی سپکان لە شەڕدا وەک هەڵۆ
|
بێتە تەدبیر و وتەش پیاوی بەخۆ
|
گەورە زۆر ماون، نەما ناویان لەبیر
|
وا لە مەیدانی شەڕن، نابن ئەسیر
|
دووشەوی پێچوو، ئەم هەڵبەستەم کە وت
|
عیللەت و دەردم هەبوو، جوانم نەوت
|
ئەی ئەسیری خوێندەواری کورد ئەمەی
|
زوو ڕەوان کا بۆ شەهیدان فاتیحەی
|