هۆڵ زۆر گەورە ئێجگار ڕووناک
|
هەموو شت جوان، هەموو شت پاک
|
«جەو» لێی ئەتکێ شادمانی
|
بۆن خۆشی، مۆسیقا، جوانی
|
هەر مێزە و کورسی دەورەی داو
|
تێکڕژاون ئافرەت و پیاو
|
ئافرەت: چرای کۆڕی ئاهەنگ
|
لەنجەی جووڵان، مۆسیقای دەنگ!
|
لەسەر هەر مێزە، یەک دوانێ
|
بۆ چەشنی جوانی نیشانێ!
|
یەکێ قژزەرد، یەکێ چاوڕەش
|
یەکێک لێو وەک گوڵ غونچەی گەش
|
یەکێک مانگی شۆخ و شەنگە
|
سیحری جوانییەکەی بێدەنگە
|
یەکێک شێوەی دوان خۆشە
|
جوان نییە بەڵام جوان پۆشە!...
|
هەر ئافرەتە هێندە ژیرە
|
پەرداختر کات کوێی دڵگیرە:
|
پێست پەمەیی لەش نەرم و شل:
|
نیوەڕووتیی، تەنکیی جل
|
کەم گۆشتی نەختێک کەڵەگەت:
|
نەخشێکە بۆی شان و چاکەت
|
قژ ئاوریشمن بە توالێت
|
عەتر و سیحری لێ ئەتکێت
|
چاوڕەش بە کل ئەوەندەی تر
|
بۆ تەماشاکەر گورچک بڕ
|
شۆخی مەڕمەڕگەردن و سنگ
|
لەسەر سنگی ڕووت بۆ پرشنگ
|
ڕستێک مرواریی داناوە
|
مایەی ڕێشکە و پێشکەی چاوە!
|
***
|
تاک تاک مێزی وەکوو هیی من
|
دەوری داوە کۆڕی بێ ژن
|
ئەمانەش یا بادەنۆشن
|
یان بە تەماشا سەرخۆشن!
|
تاوێک چاو ئەبڕنە جوانێ
|
دانسێکی نایاب ئەزانێ
|
پێ و پل و چەرخەی هاتوچۆ
|
جوان جووت ئەکا لەگەڵ تانگۆ
|
تاوێک نەغمەی «ڤاڵس» و خەیاڵ
|
لەگەڵ نەشئەی ستاوتی تاڵ
|
دەستیان پێ ئەداتە بەر سەر
|
بیریان ئەڕوا بۆ دنیای دەر!
|
تا کەی؟ بەڵکوو تا دوای دانس
|
«چەپ... چەپ...» چەپڵەی پاش نەغمەی ڤاڵس!
|
سەعات فڕی، شەو درەنگ بوو
|
هێشتا نیوەڕۆی ئاهەنگ بوو!
|
تازە باندی پشت سێ پای نۆت:
|
گەرمی هەوای فۆکسترۆت!
|
تازە شۆخی هەڵبژاردەم
|
کەوتۆتە سەرنجی دەم دەم
|
بە دوو چاوی وەک دەریای شین
|
پڕ لە زەردەخەنەی شیرین
|
بەڵام منی بێگانەی کۆڕ
|
شەونشینیم لێ نایە زۆر
|
ناچار لەگەڵ هاوڕێم هەڵساین
|
خەو ئەم بەهەشتەی لەکیس داین!
|