شەوێ مانگەشەوی چواردە، دەمەدەمی نیسان
|
بەهاری تازە کە زستانی خستە ناو «نەیسان»
|
لە هەر دڵێکەوە جۆشێک بە بانگی دەنگخۆشی
|
لە لالەزارەوە شەونم، شەرابی مەی نۆشی
|
خەریکی جونبوش و زاخاوی ژەنگی زستان بوون
|
کچ و کوڕ و ژن و مێرد، پێکەوە لە سەیران بوون
|
منیش لە خوارەوە چووبوومە گوێ لەبی دەریا
|
بە دەردی خۆمەوە گیرۆدە، بێکەس و تەنیا
|
لە پاڵ داری سنەوبەر کە داری «چام» ە ئەوێ
|
ئەوەی نەخۆش بێ هەوای دارچامی پێ ئەکەوێ
|
لە ئەستەموڵ، لە هەگبەلی ئەتە، بە بێدەنگی
|
خزامە بن دەستی جوانان بە لاپلەوسەنگی
|
لە پێشەوە جووتێکی باڵا عەڕعەڕ و لاولاو
|
کە تیشکی کوڵمی ئەوان مانگی خستبووە ناو ئاو
|
بە یەکدڵی تەکیان دابووە یەکتر بە سەوداوە
|
بە خۆشەویستیەکی پاک و بێگەرد و ساواوە
|
بە میهرەبانی «پەری شۆخ شەو» کە لەژوور سەریان
|
بە تیشکی خۆی جلی زەڕبەفتی کردبووە بەریان
|
بە سۆزەوە کوڕە پرسی لە هامسەری گیانی
|
کە ڕۆژ هەڵدێ و ون ئەبێ، کامیان خۆشە ئەیزانی؟
|
کچە وتی: کە بە ڕووی تۆوە ڕۆژ هەڵێ خۆشە
|
بە مەستی چاوتەوە دڵ نەشئەدارە، سەرخۆشە
|
بەڵام کاتێک لەپێش چاو نەبی و دوور بی لە لام
|
بینایی لێڵە! لە زەردەدایە ڕۆژی هیوام
|
بەو خۆشەویستیەوە، کوڕ دەستی کردە ملی یار
|
سڕی لە ئاوێنەی ڕووی بە لێوی ژەنگی غوبار
|
وتی: کە تۆ ئەمە بی، کێ «گەواهـ» ی عەشقم بێ
|
هەتا بژیم نەیەڵم عەشقی تۆم لە لا کەم بێ
|
کچە وتی: ئەوە ئەستێرەی تازەیە هەڵات
|
بە کوردی ناوی گەلاوێژە، شەوقی بۆ وڵات
|
وەرە بە پاکی ئەو سوێند بخۆین کەوا یەکدڵ بین
|
لە خزمەتی وەتەنا هەوڵ بدەین هەتاکو دەژین
|
لە «ژین» ەوە ئەمە شاباشی ڕێی «گەلاوێژ»ە
|
لە پایەی ئەدەبا نوکتەبێژ و هەم گوڵڕێژە
|