شەوێ لە گوێ شەتی بەغدا، خەیاڵی کوردم ئەکرد
|
گەلێ لە گەل بەجێ مابووم، دەستوبردم ئەکرد
|
بە باڵی شیعر و خەیاڵ کەوتمە پەلە و تەک و تاز
|
لە ئاسمانی سەرەفرازی، بە جارێک کەوتمە پەرواز
|
فەزای ئومێدم ئەدی، بێنهایەت ڕۆشن، ساف
|
تلووعی تالعی کورد، بوبووە نووری پەردەشکاف
|
کە دیم دەوڵەتی تازەی، شوێن دەوڵەتی عەباسی
|
منیش ئەکەوتمە خولیا، خولیای لالەعەباسی
|
خەتی حدودم کێشا لە خاکی ڕۆم و عەجەم
|
بە پانی فەیلی و لوڕ و زەهاویشم دابووە دەم
|
لە ڕاستەوە سابڵاغ بوو هەتا خەتی حەکاری
|
لەبەر تەماسی شیمال لازمە هەتا «چاری»
|
کە ڕاست و چاپ ئەمە بێ، ڕوو لە ڕۆژهەڵات بڕۆ
|
هەموو قەومی خۆمانن، ڕەنجەڕۆن و سەرەڕۆ
|
ئومێدی زۆر بە کوردی موکریانە، دیندارن
|
بەڵام لە دەست گەڕی زاڵم کەساس و غەمبارن
|
ئەلکتریک لە بەرانانەوە هەتا گۆیژە
|
تەلی بە سەر شارا ڕاکێشرابوو بەبێ پەیژە
|
لە ڕاستی تەختی سلێمانی، چوار پێنج ئەوەندەی مانگ
|
گڵۆپی نوور دەروژوور ڕووناک ئەکاتەوە تا بانگ
|
تەرەسوداتی تلسکۆبی سەر عومەرگدرون
|
لە پێش قوللەی ئیڤل بۆی لواوە کەشفی شئوون
|
لە سەرچنارەوە تا تانجەڕۆ، لە ڕیزی چەم
|
بوخاری ماکینە ڕووی ئاسمانی کردووە بە تەم
|
لە «گوڵپ» ەوە چەمی «خواجایی» هەتا «شنروێ»
|
بەپێی تەبیعەتی بەگزادە «مونتکارلۆ» ی ئەوێ
|
بە تاڤگەی سەری زەڵم بۆچی نەڵێم نیاگارە
|
ئەوەند بەفەیزە، پڕیشکی کەفی گوهەربارە
|
ئەساسی مەرکەزی تەیارەخانە لای خورماڵ
|
مواسڵاتی لەگەڵ ئەورووپا ئەکات ئیکماڵ
|
تونێل بە ناو گۆیژە و تاریدەرا وەکوو توروس
|
خەتی شەمەندەفەری پێ گەییە ناو خاکی ڕووس
|
دەماری مەعدەنی ئاڵتونی شاری عەواڵان
|
تجارەتی هەموو دنیا، کیش ئەکا بە تاڵان
|
بۆری نەوتی سپیمان گەیشتە بەحری سپی
|
شکستی خوارد ئەمریکا کە بیری نەوتی تەپی
|
لە گۆیژەوە سەرکەوە بۆ ئەزمڕ هەتا قەیوان
|
بەڕیزە ئوتێل و ئەیوانی گەیوەتە کەیوان
|
ئەمانە من بە خەیاڵ، یا بە خەو کەوا ئەمدی
|
هیوام بەخوایە بۆ کورد بەڕاستی بێنێتە دی
|
بە فەیزێتی سابتە، هەولێر، دێبەگە و مەخموور
|
ڕەواجی دەغڵی پێسەی بلادی خستە فتوور
|
هەموو تجارەتی ئەزمیر تەنها بە هەنجیرە
|
ئەوەندە زۆرە، ئەترشێ و فڕێی ئەدەن لێرە
|
خەڵووزی ماوەت، ئەڵماسی مۆمیای دەوری خاوێ
|
ئەمانە بێنە بڕەو مەعدەنی تری ناوێ
|
سەهۆڵی پیری موبارەک، بۆمانتیی سەر قەندیل
|
دەماری نەوت یەک بگرن ئەبێتە ڕووباری نیل
|
داری میوەی بەرداری، داری کەرستەی بەرزی
|
چەوەندەر و گێزەری لەگەڵ سێوی بن ئەرزی
|
گەزۆ، بنێشت، کەتیرە، سمۆرە، ڕێوی، دەڵەک
|
بەراز و گورگ و چەقەڵ، ئاسک و پڵنگی بەڵەک
|
ترێ و هەنار و بەهێ، قۆخ، هەڵووژە، سێو، گێلاس
|
کەما، چنوور، بەڕەزا، کاشمە و قارچک و ڕێواس
|
بە قووەتی ئەمەوە ویسعەتی قەریحەم بوو
|
لە خاکی ڕۆم و عەجەم گەیشتمە مەتڵەبی زوو
|
وەختێ لەوێ هاتمەوە ڕووم کردە دیجلە و بەغدا
|
کەچی خیلافی ئەمەل موشکلات ئەبوو پەیدا
|
وەکوو سەدای بێگانە جۆششی ئاوی دیجلە
|
بە عارەبی بانگی کرد وتی: لاتجی وحلە
|
وەختێ چاوم هەڵبڕی لۆزندەرێکی لنگ ڕووت
|
بە یایابە ڕووی کردە من و عەتابەی ئەوت
|
تەمای بوو بێتە سەرم، تۆپزی لە دەس ئاڵان
|
چاوی کەوت بە خەنجەری کوردی ڕایکرد تێی تەقان
|