عارزی یارم گرۆی حوسنی لە گوڵشەن بردەوە
|
بۆیێ گوڵ خاری غەمی سەرتابەپا دەرکردەوە
|
گریە وو زاریم لەگەڵ بولبول قیاسی ناکرێ
|
چونکە تا مردن دەناڵم من بە ئێش و دەردەوە
|
قاسیدێ گەر بێ لە تۆ بێنێ سەلام و بێتە لام
|
ژێری کەوشی ماچ دەکەم قوربان بە تۆز و گەردەوە
|
ئێشی زامم وا لەبەینی عالەما مەعلووم بووە
|
گەهـ لە خوێنی چاوەکان و گەهـ لە ڕەنگی زەردەوە
|
سەر بە زانوویی جەفا جانا لە هیجران تا بە کەی
|
دەستەوئەژنۆ دابنیشم بەو هەناسەی سەردەوە
|
دەردی من بەو چاوی بێمارت ئەگەر دەرمان نەکەی
|
چۆن بە ئوممێدی شیفا بم لەو دڵەی وەک بەردەوە
|
گەر بڵێن سافی لە عیشقی لەیلەکەی کوێی جێگەیە
|
تۆ بڵێ مەجنوون سیفەت ڕووی وا لە چۆڵ و هەردەوە
|