عەشقی پاک
دەروێشێک مەیلی دنیای نەما بوو | بە یادی خواوە ڕوو لە سەحرا بوو |
ڕۆژێک بۆ جومعە هاتبووە ناو شار | کچێکی جوانی دی لە ڕاگوزار |
نیگاهێک هات وەک تیر دای لە جەرگی | گەیاندیە کاتی ئاکامی مەرگی |
لاڵ و پاڵ لێی کەوت، بێ هۆش، بێ زبان | بەزەییان پیاهات خەڵکی بۆی گریان |
تومەز ئەو کچە کچی وەزیر بوو | جوان و دلێر و ئاقڵ و ژیر بوو |
ئەم ئەفسانەیە کەوتە شارەوە | باوکی بە دایکی وت بیشارەوە |
ژن وتی: ئەمە ئەفسانەی عەشقە | شۆرەتی شێتی مەجنوون سەرمەشقە |
یا ئەبێ دەروێش لە ناو دەربرێ | ئەو ساتەش خوێنی ناحەق ئەتگرێ |
چار هەر ئەمەیە کە دەروێش بێنی | بە هەڕە و گوڕە وای بترسێنی |
کە ڕوو بکاتەوە سەحراکەی جاران | جارێکی تر خۆی نەخاتە مەیدان |
یا بارێکی وای لێنێ هەڵنەستێ | کە باری قورس بێ ئیتر ئەوەستێ |
وەزیر دەروێشی بانگ کرد بە خەڵوەت | پێی وت: ژنهێنان ناکرێ بە هیممەت |
سەد گەوهەری وای دانەی شەوچراغ | بدرەوشێتەوە بە شەو لە ناو باغ |
لەگەڵ سەد گورزی دانەی مرواری | هەر دانەیەکی بەهای خەرواری |
ئەمانە بێنە کچت ئەدەمێ | گیرۆدەت ناکەم ساتێک و دەمێ |
دەروێش کە ئەمەی بیست لە خۆشییا | کەشکۆڵی هەڵگرت ڕووی کردە دەریا |
بە جۆش و خرۆش، یاهوو یا من هوو | مەلیکەی دەریای هێنایە بەر ڕوو |
وتی: بەو خوایەی عەشقی خستە سەر | ئێستە دەریاتان لێ ئەکەم بە بەڕ |
ئەم کەشکۆڵەتان لێ ئەخەمە کار | دەریا وشک ئەکەم نەمێنێ دیار |
بانگ کە، بە کۆمەڵ گەوهەر دەربێنن | لە گوێ ئەم بەحرە هەڵیڕژێنن |
مەلیکەی دەریا، جاڕی دا جاڕێ | گەوهەر دەرهێنن هەر یەکەی بارێ |
ئیتر بە جارێک گەوهەر دەباری | بۆی بوو بە خەرمان دانەی مرواری |
دەروێش هاتەوە چووە لای وەزیر | وتی: ئەی مەردی بە هۆش و تەدبیر |
ئەگەر تۆ ئەوسا بتکوشتمایە | ئەبوو تۆش بە زوڵم کەست نەمایە |
ئێستا خوا ویستی لە پەردەی پەنهان | سڕڕی عەشقی پاک بخاتە مەیدان |
ئەمرم ڕەوا بوو بەسەر دەریادا | ئیتر لە عەشقی مەجازیم لادا |
کچ و گەوهەر و مرواری بۆ تۆ | ڕوو بکەمەوە خوا، نەبم ڕەنجەڕۆ |
چونکە ئەمانە نامێنێ بۆ کەس | هەر مەیلی خوایە باقی و فریادڕەس |
قودرەتی خوایە، هیممەتی مەردان | دای بە مێروولە حوکمی سلێمان |
«ئەمانە پەندی پێشوونیانە | کە بە زمانی مەل وتوویانە» |
«هەرسێ پەندەکە زۆر بەهادارن | لەجێی خۆیانا گەلێک بەکارن» |
خۆ ئەگەر بێت و خۆشەویستی خوا | دەست کەوێ عاشق تێری پێ ئەخوا |
مەستی مەیلی خوا زەوقێکی تیایە | ناگاتە پایەی ئەو ئەم دنیایە |
تەمووزی ساڵی ١٩٤٤
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|