عەقیدەیەکی خراپ و بەرباد
|
لەناو میللەتا ماوە بێ بنیاد
|
ئەویش عەقیدە بە خەوبینینە
|
گوایە هەموو کەس پاک و بەدینە
|
حەزرەت کە فەرمووی رؤيا الصالحين
|
دەلالەت ئەکا لە پیاوی بەدین
|
ئەنبیای کیرام، ئەولیای کیبار
|
خەویان تەواو بوو بە ئەمری جەببار
|
هەموو خەوێکیان ئەمری یەزدان بوو
|
کە هاتنەدیشی یەکجار ئاسان بوو
|
ئەمڕۆکە عیلم لە موعجیزاتە
|
سەیری خەو کردن زۆر خەرافاتە
|
بەڵام ئێستاکە لەوسا جیایە
|
نە عەسری نەبی و نە ئەولیایە
|
ئەم عەسرەی ئێمە خۆخۆیی باوە
|
ئەو کەرامەتەی پێشوو نەماوە
|
تەسەووراتی وەختی بێداری
|
دێتەوە خەومان وەکوو هۆشیاری
|
زۆر جار هەندێ کەس کە خەو ئەبینێ
|
بۆی پەیا ئەکات ئیبن سیرین ێ
|
بە سەد ڕەنگ مەعنای لێک ئەداتەوە
|
هێشتا دڵیشی ئاو ناخواتەوە
|
لە هەڵەبجە بووم ڕێم کەوتە مزگەوت
|
دووانم دی یەکەم زوبانی نەسرەوت
|
وتی لە خەوما لەوحەیەکم دی
|
ڕەنگی ڕەش بەڵام بە خەتی سپی
|
لە ناوەڕاستی وەها نووسرابوو
|
فڵان کەس هاکا تووشی قەزا بوو
|
وتم ئەم خەوە نابێ بە ئەساس
|
هیچ دڵی خۆیشت مەخەرە وەسواس
|
وتی وا چاکە خەبەر بنێرم
|
ئاگای لە خۆی بێ من خاوەن خێرم
|
ڕۆژی قەزاکە بیست و سێی مانگ بوو
|
شوکور ئەو پیاوەش لە قەزا دەرچوو
|
عەوامی ئێمە چونکە جاهیلن
|
دائیم تالیبی فیکری باتیلن
|
یەکێ عاقڵ بێ گوێ ناداتە خەو
|
ناشپرسێ مەعنای چییە لەم و لەو
|
شاعیری مەشهور کە نالیی ناوە
|
ئەم شیعرە جوانەی بۆمان داناوە:
|
«تەعبیری خەیاڵ و خەو ئەگەر بێتە حیسابێ
|
#
|
دەروێش و گەدا شاهـ و، ئەبێ شاهـ گەدا بێ»
|