عەندەلیبی دڵ کە چاوی کەوتە غونچەی بامیداد
|
دائیمەن وێردی زوبانی بۆتە ئایەی ان يكاد
|
لەرزی پیری عوودی سیواکی لە دەس بەردامەوە
|
تازە چەرخی بێ وەفا بۆم زین ئەکا ئەسپی موراد
|
نامورادی پیری کردم موختەسەر لێم ناگەڕێ
|
کامەکامەم پێ دەکا دونیا خودا هاوار و داد
|
عومری گەنجیمان بە غوسسە و نامورادی بردەسەر
|
وا لە پیری هاتەدەس سەرڕشتەیی کار و موراد
|
باوەکوژمان کردە باب و باوەژنمان کردە داک
|
گەنجی عومر و حاسیلاتی ڕەنجی خۆمان دا بە باد
|
یا ئیلاهی، خۆشەویستم ماری نەفسی نەیگەزی
|
چونکە تریاکی نییە ئەو زەهرە تا يوم التناد
|
کردەوەی ناپوختە گشتی بۆ تەعامی پوختەیە
|
ڕۆژ ژیانت خوویی حەیوان، شەو بە خەوتن وەک جەماد
|
زیکر و فیکری ئەهلی دونیا نان و ئاشە سابیری
|
یەعنی چی؟ خۆ دوشمنیشیانە لە ئەسڵا نان و زاد
|
لەم نەخۆشی بێ دەوایە، دادڕەس سابیر خودایە
|
هیممەتێکە پایە پایە، بێمەوە سەر ڕێی ڕەشاد
|
سابیری عومرت بە زایع دا ئیتر وریابەوە
|
عومری ڕابردوو قەزاکە بێرە سەر ڕێگەی ڕەشاد
|
سابیری دنیا لە تۆ بێزارە ئەمما مەیلی تۆ
|
هەر لەسەر ئەو ماوە بۆیە ناگرێ ڕێگەی ڕەشاد
|