غونچەیی نەوبەهاری گوڵ دەرچوو لە دەستی باغەوان
|
بولبولی دەردەداری دڵ زاری گەیشتە ئاسمان
|
بایی خەزانە دەنگ ئەدا، گوڵ کە بەزەردی ڕەنگ ئەدا
|
بولبولە سەر لەسەنگ ئەدا غونچە لە باغدا نەمان
|
ئەو دڵی بێقەرارەکەم، کەوتە هەوایی یارەکەم
|
سەبری لە کێوە چارەکەم، زەحمەتە دەردی وا گران
|
دەوری فەلەک بەحیلە بوو فەسڵی بەهاری بردو و چوو
|
ڕەنگی خەزانی دامە ڕوو، جوملە بەڵایی خستە جان
|
دووریی یاری غونچەدەم، خستیە سەر دڵم ئەلەم
|
وا ئەسفا لە دەوری غەم دەرسی فیراق ئەدا نیشان
|
هیجر و فیراقی دڵبەرم داویە لە سینە خەنجەرم
|
شەکوە بە لایی کێ بەرم، ڕوو لە چ لا کەم ئەلئەمان؟
|
یادی وەفایی کێ بکەم، مەیلی هەوایی کێ بکەم؟
|
چارە لە لایی کێ بکەم، غەیری خودایی موستەعان؟
|
ئەی فەلەکا خەتام نییە، کینەیی تۆ لە من چییە
|
زوڵمی وا کەس نەکردییە، دەرهەق بە من لە ئینس و جان
|
سافی لە دەردی فیرقەتە، چارەیی حاڵی زەحمەتە
|
زامی بە ئێش و ئەزیەتە، دڵ بە برین و ئێش و ژان
|