فایەقی بەدبەخت سەلامون عەلەیک
|
بۆ چی شێواوی، کەی پەرێشانم
|
نەمناسیتەوە وەمزانی غەیرەیت
|
خۆ تێپەڕ نەبووم ڕۆحی ڕەوانم
|
هەزار سەلام و ڕەحمەتت لێ بێ
|
جا گوێ ڕابگرە بۆ داستانم
|
بەهار و هاوین پایز بێ غەم بووم
|
ئێستا موتیعی ئەمری زستانم
|
ئەمری پێ کردم هاتم بۆ بەغداد
|
ئەڕۆم میوانی بەحری عومانم
|
کۆمەڵی لاوان تا بێ گەرم ئەبن
|
پاشەڕۆژی کورد ڕوونە ئەیزانم
|
بەفرەکەی زستان کڕێوە ئەکات
|
کیژی جاف ئەڵێت حووری عەدنانم
|
شاخی دەماغ بەرز خاکی لە سەر تەرز
|
بێشەی شێر ئەڵێ تەختی سڵێمانم
|
سەرچاوەم پاکە، پیاوم بێ باکە
|
کوردم غەمناکە بۆ نیشتمانم
|
دەشتی بەرانان، ئاوی پڕ ئیحسان
|
هەورامان ئەڵێ کێوی جارانم
|
یاری ئەربابم دڵخۆش و شادن
|
عالەم کش و مات، ئیتر نازانم
|