فکرێک لە دڵما دەمێکە کاکە
|
گەرد و خولیەتی حاڵم هیلاکە
|
بەیانی ئەکەم نزیکە مەرگم
|
لەت و پەت ئەبێ سەراسەر جەرگم
|
گەلێ ئوسووڵمان لەناوا باوە
|
میللەتی کوردی پاک پێ فەوتاوە
|
ئەووەڵەن مردووی دێهاتەکەمان
|
کەسی زیندووی خۆی ئەخاتە زیندان
|
لە هەموو لاوە سەریان تێئەکەن
|
بە سەر خۆشیان سەرخۆشیان ئەکەن
|
هەموو زەلامێک تاوەکوو ئەڕوا
|
بایی سەد فلس چێشت و نان ئەخوا
|
نە نان ئەمێنێ نە برنج نە ڕۆن
|
کەشک و شێلم و دۆینەکەش ئەخۆن
|
ئینجا ساحێبماڵ نۆماڵ ئەکەوێ
|
ڕووت و قووت داماو بۆ قووتی شەوێ
|
داخی مردووەکەی دەرئەچێ لە دڵ
|
بۆ ماڵوێرانی جەرگی دێتە کوڵ
|
پاکی بەم دەردە دڵ بریندارە
|
بێ سەدا و بێ دەنگ بەبێ هاوارە
|
عەیبە نایەڵێ کەس بێتە زبان
|
کوژراون هەموو بە تیغی دەبان
|
لەمیشدا کەمێک خەتای مەلایە
|
ئەو هەرچی بڵێ میللەت ڕەزایە
|
کەڕەتێک نەیوت ئەمە حەرامە
|
هەر وتی وەسیەت ئیسقاتی کامە
|
نوێژی فەوتاوە درۆی کردووە
|
بۆی جێبەجێ کەن تاوەکوو زووە
|
خولاسە ئەگەر مەڕێکی ما بێ
|
ئەویش بۆ ئیسقات بەشی مەلا بێ
|
یاخوا کەس نەیبێ فاتحەخوانی
|
دەردێکی قورسە کاکە نایزانی
|
فاتحەی لادێ ماڵ بە قوڕ ئەگرێ
|
مردوو بە ڕێی خۆی زیندووی پێ ئەمرێ
|