فیدات بێ ڕووحی شیرینم هەتا کەی دڵ پەرێشانی
|
بەڵایێ وات بەسەر هێنام چ کەس دەرمانی نازانی
|
زەمانێکە لە گۆشەی بێکەسی ڕەنجووری تۆیە دڵ
|
حەبیبم کەعبە کەچ نابێ ئەگەر خۆت بێیە سەردانی
|
کەسێ لەم عەسرە نەیدیوە بەشەر وەک تۆ بە شیرینی
|
تەحەیور ما لە تەسویرت ئەگەر نەقاش ئەگەر «مانی»
|
لە منداڵێوە تەوقی بەندەگی تۆم هەر لە ئەستۆیە
|
وەکوو قومری دەناڵێنم عەزیزان دڵبەرم کانی
|
وەرە سەر چاوەیی چاوم بنۆڕە سەیلی خوێنینم
|
قیاسی ناکرێ ئەسڵا بە حەوز و جۆگە وو کانی
|
بڵێنە شۆخەکەم تاکەی لە دووری هەر بناڵێنم
|
وەکوو عارەب چییە جارێ کە دەستم گاتە دامانی
|
هەتا ئێستێکە مەشهوور بوو بە بەدنامی لە عەشقی تۆ
|
چ باکی لۆمەیی غەیرە لەمەولا سافی هیرانی
|