ئەی وەتەن! دیسان بەهارە و ئارەزووی سەیرانمە
|
مەیلی هاژەی قەڵبەزەی بەفراوی کوێستانانمە
|
ئیشتیهای بۆنی گول و گوڵ سۆسەن و ڕێحانمە
|
ئارەزووی سەرکەوتنی لاوانی کوردەستانمە
|
گەرچی بۆ جەهل و نەزانین، شۆڕش و گریانمە
|
ئیشتیهای سروەی نەسیمی سوبحی سەر کۆسار ئەکەم
|
سەیری خاڵی ئاڵ و واڵی ئاهوویی تاتار ئەکەم
|
ئەی وەتەن وەختم بە یادی تۆیەوە ئیمرار ئەکەم
|
بیر لە ئەییامی زەمانەی زەندی و قاجار ئەکەم
|
دەردەکەم دەردێ گرانە و دەردی بێ دەرمانمە
|
ئەی وەتەن! باخچەی تەبیعیت کافییە بۆ جەننەتم
|
مەنزەرەی سوبحی جەمالت شافییە بۆ میحنەتم
|
تۆ پزیشکی دەردی دڵمی بۆیە ڕوو لە سیححەتم
|
لا ئەبا بۆنی وەنەوشەی چیمەنت سەد عیللەتم
|
لێوبەبار و دەستەئەژنۆ سەرکزی کوردانمە
|
ئەی وەتەن! بەرلین بە نۆکەر سۆسەن و نەسرینی تۆ!
|
لۆندەن و پاریس فیدات بن بۆ هەوای شیرینی تۆ!
|
کەی قەڵەم تەحریر ئەکا شەرحی گوڵی ڕەنگینی تۆ؟
|
بۆنی عەتری خستە دنیا نەرگسی نوورینی تۆ
|
ڕەببی ئاوا بێ وەتەن، چون «جنة العدنان»مە
|
هۆزی کورد ئەمڕۆ بەهارە! کەی بەهاری ئێمەیە؟
|
کەی وەتەن گوڵزار و باخ و لالەزاری ئێمەیە؟
|
کەی سلێمانی و هەڵەبجە و کۆیە شاری ئێمەیە
|
خۆرنشین ڕەنگ زەردە، گۆیژە دەردەداری ئێمەیە!
|
کوێر نەبووم، ئەیلوولە تانەی سەرپەڕەی چاوانمە
|
قەسری قاجارە لە جەرگم زامی سەختی کارییە
|
بۆ براکانی شیمالم ئەشکی ئاڵم جارییە
|
ڕۆڵەڕۆمە بۆ شوکاک و کار و پیشەم زارییە
|
سووری خوێنی لوڕ لە هەوری ئاسمانا دیارییە
|
ڕۆژی ئەمڕۆ یادی ڕۆژی وەیسە و پیرانمە
|
دوێ لە قەبرا نەوجوانێ تازە نەوخەت هاتە دەر
|
ئاوڕێکی دا، نواڕی بۆ سەراسەر دەشت و دەر
|
نەعرەتەی پێکا و بە دوو دەس دای لە سینە و تەپڵی سەر
|
بۆ چی وا پاشکەوتووە کوردی دلێری پڕ هونەر
|
ئەم ولاتە بێکەسە کەی خاکەکەی جارانمە؟
|
ئەی وەتەن! بۆ شەوق و زەوقی، ئیشی بێ ئەولادییە
|
بێستوون بێ نازە ئەمڕۆ، کاری بێ فەرهادییە
|
ڕەببی خوسرەو کوێر و کەڕ بێ وا لەسەر بێدادییە
|
بۆ هەموو کەس دەورە دەورەی حوڕڕی و ئازادییە
|
ئەی خوا تا کەی ئەسیریی خەلعەتی نیشتمانمە؟
|
ساقیا! سا دەی بە یادی چاوی دولبەر بێنە مەی
|
بۆ فەرەج تێکە لە سەر یەک بێرە گەردش پەی بە پەی
|
قەت مەخۆ ئێشی زەمانە، بیر کەرۆ کوا تاجی کەی؟
|
کوانێ گورزی قارەمان و دەبدەبەی شێرانی ڕەی؟
|
«قانعا» ئەمڕۆ و سبەینێ نەوبەتی گۆڕانمە
|