ئەی وەتەن! زستانی ساردت وەک هیوای کوردانمە
|
ڕووت و قووتی دارەکانت وەک گرۆی لاوانمە
|
بۆ کڵێڵەت قوڕ بپێوم وەک قوڕی سەر شانمە
|
بەفر و باران و بڵووکەت هەر وەکوو گریانمە
|
تۆ خەریکی مردنی بۆیە منیش دوا گیانمە
|
خوێنی گەرمم ساردە بێشک هەر وەکوو بەفراوی تۆ
|
دڵ وەکوو یەخبەندی تۆیە بۆ نیشانە و ناوی تۆ
|
ڕۆحەکەم بۆ دەرنەچێ بۆ گوڵشەنی فەوتاوی تۆ
|
ئەی وەتەن چۆن دانەمێنم وا کز و داماوی تۆ
|
کوردە سادەی بێن بگریەن شیوەنی نیشتمانمە
|
ئەی وەتەن سەد حەسرەتا بۆ غیرەتی عەهدی قەدیم
|
بۆ سەلاحەددین و عادل، بۆ قوباد و بۆ کەریم
|
کوانێ نەعرەی ڕوستەمت؟ کوا بێژەنی بێ ترس و بیم؟
|
شێرەکانت مردن و بێکارەکان ساغ و سەلیم
|
نەگبەتە دۆچاری شانی کورد و کوردستانمە
|
ئەی وەتەن! هیچ خەم مەخۆ ڕۆژێ ئەبێ بۆ ئاخری
|
دەستی بەیزا دەرکەوێ، سیحری نەمێنێ سامیری
|
چون سەراسەر جەوهەری، نەک جەوهەری هەر ئاگری
|
کێ ئەڵێ دەشت و دەر و کێو و کەنەک داناگری
|
ئەمڕۆ با وابێ براکەم، چون نەوەی شێرانمە
|
هۆزی کورد! تاکەی بە غەفڵەت؟ تا بەکەی مەستن لەخەو؟
|
تا بەکەی خۆخواردن و دوژمن بە یەک وەک هۆزی کەو؟
|
ڕۆژی ڕووناکت لەبەر چی تاریکە وەک نیوەشەو؟
|
گاهێ چاوەڕوانی ئەم بی و تاوێ خزمەتکاری ئەو؟
|
ئەی وەتەن! تۆڵەت بە ئەستۆی فیتنە و دووزوانمە
|
جەهل دوورانی دوو چاوی بازی تەڕلانی تەوار
|
کوردەکانی خستە پاش بێگانە و تورک و تەتار
|
هەر زەمانێ چاوی بەر بوو کوردی ڕەندی هوشیار
|
جا تەماشا کە لە لرفەی پیادە و هەڵمەت سوار
|
شاهیدی ئەم ئیددیعامە دەبدەبەی بابانمە
|
قانعا! میللەت هەموو کوێرە! ئەبێ کێ بەرکەوێ؟
|
میللەتێ کۆشش لە ڕیش و پرچ ئەکا چۆن سەرکەوێ؟
|
کوردی جێماو چۆن لە ناو بێگانەکانا دەرکەوێ؟
|
ئەی خوا ئاهـ و نزوولەی خاکەکەم مەحشەر کەوێ!
|
جا ئەزانی کێیە ڕووڕەش بەردەمی یەزدانمە؟!
|