ئەی وەتەن پاییز بەخێر بێ، چونکە ئێستا باومە
|
گەرم و ساردی فەسڵەکەت عەینەن دڵەی شێواومە
|
باڕەشت ئاهی دەروون و هەورت هەر وەک چاومە
|
نمنمی باران ئەبارێ وەک تکەی زووخاومە
|
شاخ و داخی تۆ نموونەی جەرگی هەڵقرچاومە
|
گێژەڵووکەی سەر ملانت وەک هەناسەی پڕگرین
|
تەم لە سەر کوێستانەکانت دووکەڵی قەلبی حەزین
|
ساردی ئەشکەوت و موغارت وەک دەروونی پڕبرین
|
پووشی وشکی دەشتەکانت بەندی جەرگی ئاگرین
|
بەرگەڕێزانی درەختت عومرەکەی فەوتاومە
|
ئەی وەتەن با پێکەوە هەڵکەینە سەر گریان و زار
|
تۆ لەبۆ گەنجانی لادێ و من لەبۆ لاوانی شار
|
تۆ لە داخی هەڵپەڕین و من لە داخی عوود و تار
|
ئەشکی خوێنین دابڕێژین هەروەکوو هەوری بەهار
|
گەر حەیام بێ خوێنی جەرگم شەربەت و شەکراومە
|
ئەی وەتەن کوا نەعرەتە و نرکە و گوڕەی شێرانەکەت
|
کوانێ قانوون و نیزام و دەبدەبەی بابانەکەت
|
بۆچی ون بوو عیلم و عەقڵ و سەنعەت و عیرفانەکەت
|
جاهل و مادوونی خەڵکن سەربەسەر خێزانەکەت
|
ئەی وەتەن سا گوێ گرە لەم شیوەنە لێشاومە
|
ئەی وەتەن هێندێ بەناوی تۆیەوە جاسووسی تام
|
ئەی وەتەن بەعزێ لە داخی تۆیە بوو بە پەندی عام
|
فیکری خۆمت بۆ بەیان کەم موختەسەر ئاخرکەلام
|
شەرتە تا تۆ بی حەرام بێ زیارەتی «بيت الحرام»
|
شارەزوور جێی سەعی و مەروە و سەفا و پڕتاومە
|
ئەی وەتەن خۆ من بەناحەق سەرکز و ئاوارە نیم
|
ڕۆڵەکەی خۆتم بە پاکی، دوژمن و خوێنخوارە نیم
|
من کە ڕۆلەی کوردستانم وەحشی و پەتیارە نیم
|
وا مەزانە کەوتە ڕۆژی خۆی، وەها بێکارە نیم
|
سەیری مەغزی دوژمنت کە تێکەلی خوێناومە
|
هۆزی کورد یاخوا نەمێنم بۆ هەناسەی سەردتان
|
بۆ خەم و ئاهی دەروون و بۆ دڵەی پڕدەردتان
|
بۆ لچی وشک و بەبار و ڕەنگ و ڕوومای زەردتان
|
دوور لە خۆی بێشوێنە مەجنوون هەر لە شاخ و هەردتان
|
شیوەنم سەرمەشقە کوردە بۆ وەتەن کێشاومە
|
ئەی وەتەن تۆ مەملەکەت بووی کەی وەها وێرانە بووی؟
|
کەی ئەسیر و ژێرچەپۆکی دوژمن و بێگانە بووی!
|
بەینی بەینەڵڵا وەتەن هەر تا کە بووی مەردانە بووی!
|
عەسری پێشوو بێشەڵانی کۆمەڵی شێرانە بووی
|
من کە ناڕۆم خۆشی عەسری ئاردەڵانت داومە
|
ئەی وەتەن ناوبردنت بۆ من یەقین شێتانەیە
|
شێرەکەت بۆ پارە ئیمرۆ خادمی بێگانەیە
|
من کە بێپارەم دووسەد کۆشش بکەم ئەفسانەیە
|
ئەی وەتەن خەڵقی ئەڵین پێم «قانعی» دێوانەیە
|
ئەی خوا چی بکەم لەبۆ ئەم میللەتە فەوتاومە
|