قانع و بیارە

قانع و بیارە (1965)
by قانع
306749قانع و بیارە1965قانع
بە ڕێکەوت ڕێم کەوت ڕۆژێ لە ڕۆژان هاتمە بیارە، مەعدەنی عیرفان
زوو بۆم کرابوو باسی ئەوسافی سەرچاوەی فەیزی بێلەکە و سافی
ئەیانوت: بێ شک کانی مورادە ڕێگەی نەجاتی ڕۆژی میعادە
کەهفی ئەمانە بۆ خەتاباران مەنزڵگەی تەوحید بۆ تەقواکاران
کە نواڕیم فەیزی لە بەر ئەباری عەرش بوو بۆ لیقای حەزرەتی باری
گورۆی شەوخێزان دەروون ئاوەدان ماتەمنشینان بە زاهیر وێران
ڕوانیم خەلایق ڕیز ڕیز و قەتار ئەجووڵێنەوە هەزار بە هەزار
یەکێ دڵگەرمی سەدای قورئانخوێن بە تیری عەشقی یەکێ دڵ پڕ خوێن
یەکێ موبتەدی لە عیلمی فەنا یەکێ شەهسەوار مەیدانی بەقا
یەکێ خەریکی عیلمی زاهیر بوو یەکێ مەنزوور و یەکێ نازیر بوو
ڕۆیم گەییمە نانەواخانە برسیەتیم بۆ خۆم کرد بە بەهانە
داخڵ بووم بە ناو ژووری نانکردن دانیشتم لە پێی کولێرە خواردن
وتم: نانەوا! خۆت و ئیمانت ڕۆژێ چەندێکە مەسرەفی نانت؟
وتی، هەر ڕۆژێ میوانمان کەم بێ هەشت پووت ئەشێلم، خاترت جەم بێ
بەعزێ ڕۆژ میوان نایەتە تەحریر دە تەنەکە ئارد ئەکەم بە هەویر
هێشتا بەش ناکات، ئەشێ دووبارە هەویر بشێلم، چارم ناچارە
خۆم و چوار شاگرد هەتا نیوەشەو ئاراممان نییە بە دەوانی دەو
لەوێ تێپەڕیم چوومە خانەقا تەماشا ئەکەم وەک «يوم البقا»
سەفێ نوێژ ئەکا، سەفێ مەشغووڵە سەفێ لە یادی شاهی ڕەسووڵە
گاهێ نەعرەتەی «یا ئەڵڵا»ی شەیدا ئەگاتە حوزوور عەرشی بارەگا
یەکێ وەک قازان بە دڵ ئەدا جۆش یەکێ لە بادەی موحیبەت سەرخۆش
یەکێ شاگردە، یەکێ ئوستادە گشت کەس لە ڕوتبەی خۆیا دڵشادە
ئەمجا ڕووم کردە ناو تەلەبەی دین «رضوانُ اللّةِ عَنْهُم اَجمَعين»
سوختە و موستەعید لەسەر ئیجازە ئەلحەمدولیللا بەبێ ئەندازە
گرمەی دەرس و دەور، موتاڵای تەفسیر حوجرەی شافیعی ئەخاتەوە بیر
پرسیم لە مەلا: تۆ فەقێت چەندە؟ وەک غونچە پشکووت لێوی بە خەندە
وتی: نازانم، هەر دێت و دەڕوا مەپرسە لە سڕ کردەوەی خوا
کە دیققەتم کرد هەریەکە کارێ هەریەکە ویردێ، هەریەک هاوارێ
شێرانی ڕێی حەق بە عیلم و عەمەل خەیمە و خەرگایان بردوەتە سەرکەل
بە سۆزی دەروون ئاهی نیوەشەو ڕووبەڕووی مەقسەد، بێ ئارام و خەو
کاروان ڕێگەی کۆچ، سارای موحیبەت سەرحەڵقە حەڵقەی شۆری تەریقەت
ئەوساکە زانیم بێشەی شێرانە ئارامگای کۆڕی دڵبێدارانە
ڕووم کردە مەجلیس شای سیراجەدین عوسمانی سالس، سەرچاوەی یەقین
موجەددیدی دین ڕەسووڵی ڕەهبەر وەکیلی موتڵەق شای خەیرەلبەشەر
خەریکی ئیرشاد ڕێگەی خودا بوون لە سەر تا بە پێ، غەرقی لیقا بوون
بە دەس کیتابەت، بە دەم نەسیحەت بە دڵ دڵداریی یاری تەریقەت
بە چاو تەوەججوهـ، بە ڕۆح هۆشیاری لەگەڵ موریدان بۆ نیگەهداری
نزیک تا لە دوور، زۆر چاک هۆشیارە بۆ هەموو مورید باش ئاگادارە
کە دیم ڕیسالەی نەسیحەتنامە تۆشەی سارای دەشت «يوم القيامە»
ئەینووسییەوە بۆ «عەبدولڕەحمان» نە تەنها بۆ ئەو، بۆ هەموو یاران
چرائاسا بوو بۆ ڕێی هیدایەت چاوساقی کوێر بوو بۆ سەر سەعادەت
بەڵێ بە زاهیر بۆم خوێنرایەوە گرێی مەعانیم بۆ کرایەوە
نەسیمی عەتری دای لە دەماغم بوو بە مەرهەمی دڵەی ناساغم
ئەوسا داچڵەکام بۆ پەرێشانیم بۆ عومری فەوتاو لە ڕێی نەزانیم
کردم بە چرای بەرپێی تاریکم کردم بە عاسای دەستی باریکم
وتم یا کەریم «علام الغيوب» ڕەحمان و ڕەحیم، «غافر الذّنوب»
بمکە بە خاتر شای قابەقەوسەین بمبەخشە بە نوور سەییدی کەونەین
بە سۆزی سینەی فاتیمەی مەعسووم بە قەتڵی ناحەق حوسەینی مەزڵووم
بە چیای قەلبی شای سیراجەدین عوسمانی سێهەم، موجەددیدی دین
بمخەرە زومرەی مەنسووبی درگای بێ بەشم نەکەی لە سایە و پەنای
با ئیتر بەس بێ لە سەرگەردانی فرسەتە قانع، بگرە دامانی


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).