مانگا لاتی پیر، سەر و گوێ وەک دێو!
|
دایمە لە برسا داماو و پەشێو!
|
بە زک گامێشی، بە سەر کیسەڵی
|
بە مل حوشتری، بە تووک چەقەڵی
|
بە قاچ وەک تانجی، بە کلک وەکوو مار
|
پەراسووت وەک چێخ، لە سەر تا بە خوار
|
چرچی لاملت دەمەی ئاسنگەر
|
دوو گوێت وەک پەڵاس دڕابێت یەکسەر
|
کڵۆک وەک کوڵۆ، سەر پشت وەک مشار
|
ڕان باریک و چەوت، لە سەر تا بە خوار
|
برژانگ کۆڵەوەژ، چاو کونی تەنوور
|
دێزێکی نانبڕ نە زەرد و نە سوور
|
لچ وەک کاڵە کۆن، دیان داڕزیوو
|
لە تاوی پیری، دوو شاخ هەڵوەریو
|
ئەمە بیس ساڵە لە درگای منی
|
جێی خەمی دۆس و شادیی دوژمنی
|
نە شیرم خواردی، نە ڕۆنت نە دۆت
|
ئاخر چی بڵێم؟ هەی خۆت وەکوو خۆت!
|
نەمدی کەڵەگا کەوێتە شوێنت
|
لە تاو پڵۆخی و چەپەڵیی بێنت
|
گش ڕۆژێ نانێ ئەدەم بە شوان
|
تۆ بەخێو بکا، هەی تەوقی شەیتان!
|
ئێواران وەختێ گاگەل دێتەوە
|
هەرکەس مانگای خۆی ئەدۆزێتەوە
|
من ئەبێ خۆم و خەنجەر و وریا
|
بسووڕێینەوە تەواوی دنیا
|
ناتدۆزینەوە، ئەچیتە زیان
|
پێمان ئەبژێرن بە سەهل و ئاسان
|
هێندە سواڵی کام کردووە بۆ تۆ
|
لە ناودێ بووگم وە پەڕۆی بۆسۆ
|
نە گای، جووت بکەی؛ نە کەری باری
|
نە تانجیی ڕاوی چەپکەی نزاری
|
نە مەڕی خوریت، نە بزنی موودار
|
نە ئەسپی سواریت، نە یابووی قەتار
|
وەختێ هاشاوڵ ئەبەی بۆ سەر کا
|
ڕائەکەم، ئەڵێم: هەر ئێستە ئەمخوا
|
ڕێویت لە گاگەل، وەک شێری ماڵی
|
قاتڵی ڕۆحی ماڵ و مناڵی
|
شەڕت بۆ هەیە کە خێرت نییە؟!
|
تۆ خوا پێم بڵێ ئەم بەزمە چییە؟
|
ئەچەقیتە قوڕ، نە گورگ خواردیتی
|
نە مار پێوەی دای، نە دز بردیتی
|
نە کەس ئەتگرێ بە فلس و قەران
|
نە گۆشتت ئەخورێ بتکەم بە ئێحسان
|
وەڵامی مانگا لات
|
قانعی بەدبەخت! بێ قەدر و حورمەت!
|
بێ نان و بێ ئاو، بێ ناز و نیعمەت
|
لە من خرابتر لات و بێ خواردن
|
لە ژیان بێزار، چاوەڕێی مردن
|
ئا ئەم عەیبانە تۆ کردت بەیان
|
خەڵک بەخۆتی ئەڵێن، بێکەسر و نوقسان
|
دەستی چەوری خۆت بە سەرما مەسڕە
|
ئەگەر تۆ پیاویت مانگایەک بکڕە
|
من هەر ئەو ڕۆژە کرام ڕەنجەڕۆ
|
لەم دنیا گەورە بووم بە هاومل تۆ
|
تۆ چەندە یاسی لە شکڵ و ڕەنگم
|
من کە مانگای تۆم زۆرتر دڵتەنگم
|
من بۆیە وەها تەواو فەوتاوم
|
لە ناو گاگەلدا سەر دانەواوم
|
ئەوەندە سووکی لە ناو عالەما
|
لە بەرچاو هەموو زادەی ئادەما
|
ڕووم نییە بڵێم من مانگای ئەوم
|
نە ڕۆژە ڕۆژم، نە شەوە شەوم
|
گلەیی ئەکەی، ئەڵێی دۆت نییە
|
ڕاستم پێ بێژە، تۆ دۆت بۆ چییە؟
|
دۆ بۆیە چاکە بە نانۆ بیخۆی
|
خۆ تۆ لە برسا تەواو ڕەنجەڕۆی
|
دۆ بۆ سەر چێشت و گۆشت و پڵاوە
|
بۆ سکی برسی، وەکوو زەهراوە
|
گەر دۆت بدەمێ ئەدا لە دڵت
|
ماڵ ئەگۆڕیتۆ خانووی ژێر گڵت
|
ئەگەر تۆ توانیت نانێ پەیدا کەی
|
من دۆت ئەدەمێ تا بڵێی ئۆخەی
|
مەگەر نازانی کە تۆ شاعیری
|
بۆ ئاخری ئەبێ لە برسا بمری
|
سەیری مێژوو کە: سەعدی و ئەنوەری
|
نیزامی و حافز، عیشقی و جەوهەری
|
هەموو شاعیران هاوفەردانی تۆ
|
لە برسا مردن بێ نان و بێ دۆ
|
چونکە جامیعە هێشتاکوو نوستوون
|
چاو بەرزۆ ناکەن، هەر وەکوو مردوون
|
وەختێ تۆ نانت ئەبێ لەم دەورە
|
کە دنیا ڕێک بێ، بچووک و گەورە
|
گەل بە تەواوی زرنگ و هۆشیار بێ
|
لە سەد نەوەدی چاک خوێندەوار بێ
|
ئەوسا ئەزانن کە شاعیر چییە
|
ئەگەر نا، ئێستە قیمەتت نییە
|