برای خۆشەویست یارە دوورەکەم
|
مەرهەمی زامی شارەزوورەکەم
|
پاش عەرز و سڵام گوێ گرە لە حاڵم
|
لە ژیان خۆم و ماڵ و مناڵم
|
داوات کردبوو بۆ گوزەرانم
|
وا بۆت ئەنووسم چۆنە ژیانم
|
هاوڕێی من دنیای زۆر بە مەرامە
|
یا معاونە یا قائممەقامە
|
منیش خۆم کردوە بە ساعی غابات
|
لیسێ هەڵگرم کە کەس دار نەبات
|
تفەنگێ درێژ لە حسکەی کۆنە
|
وا بۆت ئەنووسم بزانی چۆنە
|
قایش تاڵێ بەن بادامە شکاو
|
دار داڕزیو لوولە هەڵ دراو
|
پاش ماشە پەڕۆ دەرزی چڵی دار
|
وەک مشار کەل کەل لەسەر تا بە خوار
|
پینەم کردەوە بە سرێش و پەڕۆ
|
گولەی دوو هەنگاو بڕۆ یا نەڕۆ
|
قەڕەوڵ لە قوڕ سیپە لە تۆڵاش
|
درێژی لوولە زیاتر لە نەی ئاش
|
ئەی نێم لە کۆڵم هەر وەک هەمانە
|
بەشان نایتوانم چوونکە گرانە
|
فیشەک لۆغ سەختیان قاپوڕ شاش و چەوت
|
دووهەنگاوم تا هەموویان داکەوت
|
کە ئەی نێم لە کۆڵ ئەچم بۆ سەر ڕێ
|
بۆ داگرتنی هاوماڵانی دێ
|
نزوولەی مناڵ بۆلەی پیرەژن
|
ئاخۆ خوای خەلقی چیبکا بە من
|
نانێ بەم جۆرە بکەوێتە دەس
|
گوێ بۆ ڕەی تێبێ تا ئاخر نەفەس
|
قانع تفەنگی شاعر وەهایە
|
تفەنگ حکوومەت بێنەرە کایە
|
ئیشی ڕەشاشت بۆ بکا لە دوور
|
بێنە تەماشای خەلقی شارەزوور
|