قەڵەم من و تۆ و ژیان مەزڵوومین
|
هەر سێ وێنەی یەک بەند و مەحکوومین
|
من مەحکوومی چەرخ، تۆ مەحکوومی من
|
ژیان گیرۆدەی دوو سێ دڵ دوژمن
|
هەر سێ باخەوان باخی بێ بەرین
|
هەر سێ مەلەوان گێژی خەتەرین
|
قەڵەم لەم بەینا لە نیوەشەودا
|
چاوم چووە خەو لە شیرین خەودا
|
چوومە مەرکەزی مدیر نشینی
|
ساحێب قانوونات عزز و تەمکینی
|
بە شەرع و قانوون پیاوی دەوڵەتمەند
|
گەدای باڵ ئەبەست ئەیخستە پێوەند
|
هەرکەسێ خاوەن پارە و دینار بوو
|
لای مدیر ماقووڵ لە عام دیار بوو
|
ئەوەش هەژار بێ هەرقوڕ بپێوێ
|
بە شەقی پۆلیس تاوێ نەسرەوێ
|
زۆر زۆر سەرخۆش بووم لەم عەداڵەتە
|
لەم سەرکەوتنە و لەم سەعادەتە
|
بۆ تێگەیشتن وەزعی زەمانە
|
تەنها و بێ ڕەفێق چوومە چاخانە
|
کە ڕوانیم هیچ کەس هیچ کەس نادوێنێ
|
هەر یەک ڕۆژنامەی شارلک ئەخوێنێ
|
یەکێ تورکی بوو یەکێ بە فارسی
|
یەکێ ئەرمەنی، یەکێ چەرکەسی
|
کە ڕوانیم مدیر بە پێچەوانە
|
جەریدە ئەگرێ لەناو ئەوانە
|
تومەس کابرایێ نەخوێندەوارە
|
بە دەردی جەهل تەواو بیمارە
|
فەقەت بیستوویە مەئمورانی شار
|
جەریدە ئەکڕن بە پارە و دینار
|
ئەمیش یەعنی ها، منیش مدیرم
|
خوێندەواری چاک بە دەرک و بیرم
|
لەبەر چاو خەڵقا جەریدەی ئەبرد
|
ئەمما سەرەوژێر تەماشای ئەکرد
|
منیش دانیشتم هەر وەکوو ئەوان
|
بانگم کرد چاچی بۆم بێنە «ژیان»
|
من کە خۆم کوردم، کوردی زوانم
|
بە ڕۆح کڕیدار وتەی «ژیان»م
|
وتی بابە گیان «ژیان»م نییە
|
کوزی بەر ئاگر قیمەتی چییە؟
|
بۆچی نازانی ئێمە نەزانیین
|
حەز بە خەڵک ئەکەین دوژمن خۆمانیین
|
کوڕمان بە کچ خەڵک ئەگۆڕینەوە
|
وەها ئەزانیین ئەیدۆزێنەوە
|
ئەگەر وانەبین ئێمەش وەک یاران
|
ئەگەینە هەوار منزڵگای ژیان
|