قەددی شەنگ و شۆخ ئەگەر بێ سەروی بوستانی تووە
|
باغی سێو و خۆخ ئەگەر بێ نەوگوڵستانی تووە
|
زینەتی غیلمان و حۆری حوسنی تۆیە دڵبەرم
|
«جەنەتولمەئوا» ئەگەر بێ تاقی ئەیوانی تووە
|
وا کە «مەولا» وەسفی تۆی کرد وا بە «لەولا» ڕووحەکەم
|
عالەم و ئادەم چ یارای سەناخوانی تووە
|
ئاسمان حەسرەت لە بۆ عەرزی دەکێشێ دائیما
|
چونکی بورجی ڕۆژ و مەهـ، چاکی گریبانی تووە
|
سیڕڕی «سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى» نیشانەی شاهیتە
|
توڕڕەیی خەتمی ڕیساڵەت مۆری فەرمانی تووە
|
ڕازی «لي وقت مع الله» خاسی تۆیە ئەی حەبیب
|
عاسیان بۆیە ئومێدی حەشر و میزانی تووە
|
خاکی ژێری نەعلەکانت کوحلی «ما زاغ البصر»
|
تووتیای چەشمی بەسیرەت گەردی دامانی تووە
|
خەلقی ئەڕواحی هەموو عالەم نەتیجەی حوبی تۆن
|
ئەی هەموو ئەڕواحی عالەم بی بە قوربانی تووە
|
سافی بێ سەرمایەیی تەقوا لە کونجی موفلیسی
|
چاوەنۆڕی گەنجی لوتف و نەقدی ئیحسانی تووە
|