قەددی یارم سەروی باغی جەننەت و ئازادەیە
|
تەلعەتی مانەندی حووری زۆر لەتیف و سادەیە
|
چاوەکانی دائیمەن مەستی شەراب و بادەیە
|
بێ بەڵا بێ یاخودا بۆ کوشتنم ئامادەیە
|
هەرچی تێفکری پەرێشان و نەخۆش و زامدار
|
داد و هاواری لە زوڵم و جەوری ئەو جەللادەیە
|
سەدهەزار ئەسفەندیار و ڕۆستەمی مازەندەران
|
هاتە مەیدان و سەری بێ لەش کرا لەم جادەیە
|
هەرکەسێ دەرسی لە کن ئوستادی چاوی وەرگرێ
|
کەمترین توللابی ئەو ئوستادە ئاخر مادەیە
|
بوولعەجەب ئەفسوونگەر و چابوکسەوار و سەفشکێن
|
خەڵکی حەیرانن لە مەکر و نازی ئەو شازادەیە
|
سابیری ئەڵبەتتە لای ئەو چاوە دەرسی خوێندووە
|
بۆیە وا سەربەستە لەم بەرقاپییە بەم ڕادەیە
|