قەدی یار سەروی جۆبار و ئەتۆ ئەی زولف لاولاوی!
|
سەراپا، حەڵقە حەڵقە، وا لە باڵای بەرزی ئاڵاوی
|
هەموو ئەعزام بریندارە لە حەملەی تیغی موژگانی
|
دڵم شەیدا و پەرێشانە لەتاوی زولفی شێواوی
|
خراپم کردووە ڕۆح و دڵم دانا لەپێناوت
|
دەسا قوربان! لەبەرچی، بۆ چی ئەمڕۆ لێمە تۆراوی؟
|
کەلام و عیشقی تۆ بوو باعیسی مەشهووریی حوسنی وی
|
کەچی وێستا وەکوو زولفی لەبەرپێدا فڕێدراوی
|
بەتوندی، یار چ شیرینە جەبین وەک عیقدەیی پەروین
|
دوو کوڵمی لالەیی حەمرا، برۆی وەک تیغی خوێناوی
|
دڵم ڕێی کەوتە نێو ئەگریجە و یاریش برۆی داخست
|
سەمەندەر نی، لەنێو ئاور عەجەب ماوم چلۆن ماوی!
|
بە خاڵی لێوی بردوومی، بە زولفی خاوی گرتوومی
|
چ زوو ئەی مورغی زیرەک! بوویە سەیدی دانە و داوی
|
بیساتی عەیش بەرپاکە لە ژێر پێ تا نەسووڕاوی
|
لە مەستی بادە بشکێنە هەتا وەک شیشە نەشکاوی
|
حەسەن! وا دیارە دیسان موبتەلای هیجرانی یاری تۆ
|
بە ئەشکی سوور و ڕەنگی زەرد و ئەو دوو لێوی باراویی!
|