قەسەم بە خاڵی هیندووت بە گۆشەی چاوی جادووت
|
کوشتمی شیری ئەبڕووت خوێن لە دڵم بوو جاری
|
شۆخێکی حیلەبازی چاوباز و پڕ لە نازی
|
بۆ دڵ مەحڕەمی ڕازی ڕوومەت گوڵی بەهاری
|
نەخۆشی بەدمیزاجم بۆ زیاڕەتت موحتاجم
|
یاران بکەن عیلاجم لە عیشقی تازە یاری
|
یارێکی نازەنینە سوور حورو مەهـ جەبینە
|
غونچە گوڵی زەمینە گوڵاوی لێ دەباری
|
سەرپشکە خۆی لە گوڵشەن چەند بولبولی وەکوو من
|
لە دەوری دێن و دەچن بۆ ئاوی گوڵ عوزاری
|
دین و دڵی ڕفاندم جەرگی لەگەڵ پساندم
|
بە حوببی ڕووی سوتاندم فەوتاندمی بە جاری
|
عاجز لۆ خۆت جەفادا ژیانی خۆت بە با دا
|
نەتزانی ساقی سادە دەتخاتە بێ قەراری
|