با هەموو جووتیار و پاڵە و ڕەنجبەران
|
یەک گرن تا دەبنە هێز و پشتیوان
|
هەڵگرن یەکسەر دروشمی هاوبەشی
|
بێ جیاوازی لەسەر ڕەمز و نیشان
|
هەڵگرن پاچ و چەک و بێڵ و قەڵەم
|
هەر لە ڕۆشنبیر هەتا شوان و سەپان
|
هەڵتەکێنن ئەم نیزامە بۆگەنە
|
دابڕێژن کۆشکی یەکسانی ژیان
|
تێکی بشکێنن وزە و ئامانجی بەگ
|
تەفروتوون کەن، ڕیشەکێش کەن میر و خان
|
کاکی کۆلاک دەس لە گەردن هەڵبەسێ
|
تا بڵێن: ها یەکیەتی دەستی شکان
|
ئەرز و ئاو بۆ چینی جووتیاری هەژار
|
بەرهەمی نۆش کا وەکوو نۆشی گیان
|
ئێوە شۆڕشگێڕ بن پێشڕەوتان هەیە
|
یەکیەتی چەن کۆشکی شاهانەی ڕمان
|
کۆمەڵی سۆشیالیزم بنیان بنێن
|
تاوەکوو ببنە نموونە بۆ جیهان
|
کۆمەڵێک بن پڕ لە بڕوا و یەکیەتی
|
ئاگرێک بن بۆ گیانی زاڵمان
|
نۆکەر و سەرمایەداری چاوچنۆک
|
شاربەدەر کەن، دەربەدەر کەن بێ وچان
|
ئەوکەسەی خوێنی ئەنۆشین وەک شەراب
|
سەرنیگون کەن، بیکەنە پەندی زەمان
|
قەت لە باڕووت و گولە و شەستیر و خوێن
|
سڵ نەکەن تا ئەچنە هەوارگەی گەلان
|
ئێوە بنچینە و بناغەی کۆمەڵن
|
نەزری شانی ئێوەیە ئەرکی ژیان
|
تێخرۆشن، تێبکۆشن، کۆڵ نەدەن
|
تا بە زۆر بیهێننە دەس مافی ڕەوان
|
نووکی پاچ و بیری ورد و هێزی لەش
|
ببنە بورکانێک لە گیانی دوژمنان
|
ڕێکی خەن یاسا و نیزامی هاوبەشی
|
با بڕووخێ شاە و تەختی خائینان
|
بەگلەر و سەرمایەدار و خان و میر
|
پەت بکەن ڕایانبکێشن بۆ نەمان
|
ئەو حەلەی کاتێ وڵات ڕزگاری بوو
|
پیاو و ژن، پیر و جوانتان شان بە شان
|
هەوڵ بدەن بۆ ئاوەدانی و مەعریفەت
|
تاکوو بێنە ڕیزی پێشکەوتووی جیهان
|
ئەودەمەش ڕۆڵەی پرۆلیتاری کورد
|
دەبنە ڕابەر بۆ وڵاتی کوردسان
|
کاشکی یاسایەکی تازەم ئەدی
|
پڕ لە سوود بێ بۆ گەل و بۆ نیشتمان
|
چارەنووست خۆت ئەبێ دیاری بکەی
|
نەک تەمایەر بی کە بۆت کەن هەندەران
|
قانعا سا تۆش لەگەڵ لاوانی کورد
|
ڕوو کەنە مەیدان وەکوو شێری ژیان
|