لادێیی و بزن فرۆشتن و هەڵبژاردن

لادێیی و بزن فرۆشتن و هەڵبژاردن (1955)
by قانع
306789لادێیی و بزن فرۆشتن و هەڵبژاردن1955قانع
ڕۆژێ کابرایەک دانیشتووی دێهات دوو بزنی هێنا و بۆ ناوشار ئەهات
کە بیافرۆشێ بۆ پێویستی ماڵ گەیشتە ناوشار سا بەهەر ئەحواڵ
ئەو ڕۆژە ڕۆژی هەڵبژاردن بوو لە هەموو شارێک نائیب ناردن بوو
کوڕێکی شاری گەیشت بە کابرا وتی: ها چۆنی ئەی دەسەبرا!
خەریکن ڕەئی ئەدەن بۆ نوێنەر تۆیش بڕۆ ڕەئیت بخەرە دەفتەر
لادێیی وتی: ڕەئی چلۆنە؟ ئاخۆ تازەیە یا وەکوو کۆنە؟
من بە تەمەن خۆم ڕەئیم نەدیوە لە هیچ کەسیشم هیچ نەپرسیوە
نازانم ڕەئی خواردنە یا پۆشاک نازانم ئایا بێ فەڕە یا چاک!
من هەموو ڕۆژێ دێم بۆ ناو بازاڕ بۆ ڕەئیم نەدی لای حاجی و توجار؟
ئاخۆ بە مترە یا بە کێشانە؟ ئاخۆ بەر تەسکە یا بەری پانە؟
بە دەستە ئەیدەن یاخۆ بە دانە؟ نرخی گرانە یاخۆ هەرزانە؟
ئەر شتی چاکە هەردوو بزنەکەم ئەیدەم بە ڕەئی بێ زیاد و کەم
ئەگەر خراپە بۆچی بیکڕم؟ نانی خێزانی برسی ببڕم؟
ئەو بزنە ئەیدەم بە ڕەئی بێفەڕ ئەیدەم بە کڵاش بۆ پێی ئەحە کەڕ!
کابرای شارسانی لێی هاتە زمان وتی: لادێی هەژاری نەزان
ڕەئی بۆ پیاوی مەندووب دانراوە لە وڵاتێ یەکێ دیاری کراوە
مەندووب یەکێکە ئەچێتە بەغدا بۆ ناتەواوی هەوڵمان بۆ ئەدا
نایەڵێ هەرگیز زۆرمان لێ بکەن دەس ڕەنجی ئێمە بە بایی ببەن
قەمچی بپێچن لە سەر و گوێمان بە خوت و خۆڕایی جوێن بدەن پێمان
ئەمان پارێزێ چون حەقدارمانە لە خۆمان چاتر ئەو خەمخۆرمانە
لادێیی:
بۆچی کاکە گیان! ئەوە هەر بووە؟ ئیستە داهاتووە، یا پیشەی زووە؟
شارستانی:
نە، نە، براکەم! بووە تا بووە مەجلیسی نەواب، هەر پیشەی زووە
کاتێ تەشکیلات حکومەت کرا مەجلیسی نەواب خێرا دانرا
ئەم چەن ساڵیشە مەندووبت بووە لە کوردسانۆ بۆ پایتەخت چووە
لادێیی:
ئەر مەندووب هەیە، بۆ دەسەی زۆردار هەر ڕۆژ نە ڕۆژێ ئەمبەن بۆ بێگار؟
ئەر مەندووب هەیە بۆچی مام کوێخا لەسەر خۆڕایی ئابڕووم ئەبا؟
ئەر مەندووب هەیە و غیرەت ئەنوێنێ ئاغا جەریمەم بۆ لێ ئەسێنێ؟
ئەر مەندووب هەیە تووتنەکەم کوانێ؟ ئەر مەندووب هەیە دۆنمەکەم کوانێ؟
ئەر مەندووب هەیە بۆچی هەزاران بە برسی ئەگرین شەوسوو ئێواران؟
نە ڕەئیم هەیە و مەندووبم ئەوێ بزنم لە مەندووب زۆر خۆشتر ئەوێ!
تا ئیستە مەندووب هیچی نەکردووە ئیتر من چیمە لەم هاتوچووە؟


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).