لۆمەم مەکەن ئەی یاران، ئەم عەشقە بەڵایێکە
|
لەم حاڵەتە نازانن، بۆ دڵ چ جەفایێکە
|
گەهـ شادی و گەهـ شینە، گەهـ خەندە وو ناڵینە
|
جوملەی ڕەگ و پۆیی دڵ، هەر لەحزە هەوایێکە
|
گەهـ عاقل و فەرزانە، گەهـ والە وو حەیرانە
|
ئایا دڵی دێوانە جێگەی لە چ لایێکە
|
کەوتووتە پەڕێشانی، تفڵێ بوو کە نەیزانی
|
یاران چییە دەرمانی، چارەی لە چ لایێکە
|
ئاخر بە دڵی شەیدا، پێم گوت کە ئەتۆی ڕیسوا
|
بەم شۆرە ئەتۆی تەنها، وا بۆ تۆ خەتایێکە
|
پەیغامی دڵم زانی، گۆتی تۆ موسوڵمانی
|
لەم عەشقە کە نازانی، تۆ بەحسی چ گیایێکە
|
تۆ ناسحی نادانی، بەو عەقڵە پەڕێشانی
|
ئەو کفر و موسوڵمانی، گشتی لە هەوایێکە
|
ئەم سیڕڕە پەنهانە، بۆ عالەمی عیرفانە
|
تۆ خۆت مەکە دێوانە، هەر قالوبەلایێکە
|
ئەو عالەمە نەیڕەنگە، دەیبینی کە چەن دەنگە
|
سەرپاکی جودا ڕەنگە، لەو باوک و دایێکە
|
هەرکەس کە لە هەر جیێە، هەر یێکە بە نەوعێیە
|
هەر سەر لە هەوایێک و هەر سینە سەدایێکە
|
ویش قودرەتی عوزمایە، بۆ مەعریفەتوڵڵایە
|
ناسینی لە ئەو دایە، زانینی سەفایێکە
|
ئەوجا وەرە گەر یاری، واز بێنە لە عەییاری
|
تەرکی کە ڕیاکاری، دونیا کە هەبایێکە
|
دونیا کە وەها خۆشە، جێ عالەمی بێهۆشە
|
زەهرێکە تۆ مەینۆشە، دەورانی فەنایێکە
|
هەر حیلە وو ئەفسوونە، جێ عالەمی مادوونە
|
تۆ مەیگرە ئەم دوونە، تێکچوونی بە بایێکە
|
من چەندە کە نادانم، یا عاقڵ و چازانم
|
غەیری ئەمە نازانم، بە خودا کە خودا یێکە
|
یاڕەب تۆ بە زاتی خۆت، بەو سیڕڕی سفاتی خۆت
|
لەو عەبدی عەساتی خۆت، ڕەحمێک و عەتایێ کە
|
یاڕەب کە تۆ غەففاری، لەو ئۆمەتە موختاری
|
عەفوی کە گوناهکارێ، لای تۆ پەڕەکایێکە
|
دڵ ئۆمەتی موختارە، هەرچەندە سیاکارە
|
عەفوی بکە غەففارا، شایانی عەفایێکە
|
ئەی سەروەر و سەردارم، وەی خاتەم و موختارم
|
هەر چەندێ خەتابارم، ئەمما تۆ وەفایێ کە
|
بۆ شافعی خاسی تۆ، لەو بەحرە غەواسی تۆ
|
ئەو ئۆمەتی عاسی تۆ، چاوی لە ڕەجایێکە
|
ئەی شاهیدی بەغدایی، تۆ مەلجەء و مەئوایی
|
هەر دەم دڵی سەودایی، موحتاج بە دووعایێکە
|
ئوستادی و پیری تۆ، هەم شاهـ و ئەمیری تۆ
|
موددێکە فەقیری تۆ حاجەت بە سەخایێکە
|
مەنواڕە وەفایی من، بنواڕە جەفایی من
|
عالەم لە سەدایی من، هەر دەم لە جەزایێکە
|
ئەی شاهی لە هیرانی، مەئزوونی لە گەیلانی
|
حەقا تۆ سلەیمانی، دەردم تۆ دەوایێکە
|
ئەی جەددی وەفادارم، نەسلی تووە موختارم
|
بنواڕنە ئازارم، تەدبیری چ ڕایێکە
|
ئەی سافیی هیرانی، ئەولادی عەلی و سانی
|
چارەت لە پەڕێشانی، دەرگانەیی شایێکە
|