لەبەر دەرد و غەمی عەشقت نەما ئاسایشم ساتێ
|
لە یادی تۆ زیاتر نایەتە فیکرم خەیاڵاتێ
|
لە زەوق و لەززەتی جەور و جەفایی تۆ جزاك الله
|
بە غەیرەز جان و دڵ قوربانی تۆ نیمە موکافاتێ
|
نە ئاگاداری دەسنوێژم نە بانگ و قامەت و نوێژم
|
دەمێ مەست و دەمێ گێژم کە هەر لەحەزە بە حاڵاتێ
|
مەواعیدی عەقیمت گەرچی قەت نایە بەجێ ئەمما
|
هەمیشە چاوەڕێمە کەی دەبێ عەیدی مولاقاتێ
|
گەلێ دەرد و نەهات و ماتەم و جەور و جەفام تووش هات
|
لە ڕێگەی عەشقی چاوی دولبەرم قەت تووش نەبووم هاتێ
|
چ بێباکی لە ئاهی کوشتەگانی بێ خەتا ڕۆژێ
|
دەکەی سەد قەتڵی ناحەق بێ شهودالحال و ئیسباتێ
|
کە تۆ هاتیت و ڕۆحم چوو کە ڕۆیشتی دڵت بردم
|
ئیتر بۆ چی بکا سابیر تەمەننا و موناجاتێ
|