لەبەر مەیلی مەیی عیشقی تووە یاری وەفادارم
|
لە تەکیە و خانەقا دەرچووم، خەریکی دەیر و زیننارم
|
لە حوببی تۆ لەلای ئەو عالەمە کافر بووم گەرچی
|
کە نازانن لە عەینی کوفرەوە ئیسلامییە کارم
|
ئەگەر سەدجار دەرم کەی قەت بەبێ تۆ سەبرەکەم نایێ
|
بەزۆری دێمەوە دەرگانەکەت ئەی دۆست ناچارم
|
لە بەدکرداریی من ڕوو وەرمەگێڕە ئەی شەهی خووبان
|
کە تۆ ڕوو وەربگێڕی کەس نییە گەر بێتە غەمخوارم
|
لە دووریت لەززەتی من پایەماڵی زیللەتە هەردەم
|
حەیاتم بێ جەمالی تۆ مەماتی ژینە ئەی یارم
|
ئەگەر شەمعی ویسالی تۆم نەبێ ڕۆژم شەوی تارە
|
بینایی نووری چاوانم، ئەتۆی ماهی زیادارم
|
ئەوەندەم عەجز و شادی، وەسڵ و هیجران دیوە ئەی یاران
|
لە ڕۆژی حەشردا ئەسڵا نە حاجەت جەننەت و نارم
|
لە سەفحەی عەشقەوە گەر سڕڕی ڕەحمت بێتە نێو عالەم
|
هەتا مەحشەر چ کەس سجدێکی نابا شاهی غەففارم
|
لە جیلوەی نەفی و ئیسباتی تۆ وەک سافی بە ڕۆژ و شەو
|
دەمێ بێ هۆش و سەرمەستم، دەمێ بێدار و هوشیارم
|