لەتاوی ئاوری دووری هەمیشە سینە بوریانە
|
لە عەشقی چاوی مەخمووری بە دائیم دیدە گریانە
|
چ لێ بکەم نەقدەکەی ڕووحم نەبێتە سەرفی ڕێی قاسید
|
خەبەر بێنێ بڵێ بۆ کوشتنت یار دێتە ئێرانە
|
بە یادی چاوەکانی بوو کە دڵ شەیدایی بۆ ڕوودا
|
لە قەیدی زولفەکانی وا ئەسیری حەپس و زیندانە
|
شفایی زەخمەکەی دووریم بە غەیری یار بە کەس نایێ
|
چ یارای عەقلی ئەفلاتوون، چ جێگەی فیکری لوقمانە
|
تەحەیور مام چلۆن ڕێگەی درا زولفی لەسەر عارز
|
نە جێگەی کافرە جەننەت، خیلافی شەرع و قورئانە
|
لەسەر سەفحەی جەمالی یار بە خەتتی زولفی نوسرا بوو
|
لە ڕێی عەشقا موسوڵمان کافرە، کافر موسوڵمانە
|
عەجائیب خاتەمێکە لەعلی لێوی یارەکەم بۆیێ
|
لە دەرگانەی سولەیمان ئاسەفە، ئاسەف سولەیمانە
|
ئومێدی زۆر هەیە سافی نەجاتی بێ لە غەم چونکە
|
دەلیل مەولا وو ئەحمەد یاوەر و یار بازی گەیلانە
|