لەغاوی شەیتان
مام چەوەندەری زێڕینۆکی | پیرێک بوو دایم ئەکۆکی |
شێفی ئەبڕی لە وێڵەدەر | بەردێکی گەورەی هاتە بەر |
نووکی گاسنەکەی تێ گیران | بەردەکەی لەجێی خۆی جووڵان |
کونێکی زلی لێ دەرکەوت | تاریک و قووڵ بوو وەک ئەشکەوت |
بە پێپیلکە چووە خوارێ | هەر ڕۆیشت تا گەییە غارێ |
حەوت کووپەی ئەڵماس و گەوهەر | کەڵەشێری ئالتوون لەسەر |
سەری کووپەکانی لادا | ئەڵماس شەوقی وەک چرا دا |
سەری کووپەکەی قایم کرد | دەستی بۆ ئەڵماسێک نەبرد |
ئێوارە هاتە ماڵەوە | بە خەپلەی هەرزنی تاڵەوە |
ملی ڕاکێشا وەک گاجووت | جلە گای ڕاخست و لێی نووست |
سبەینێ ڕۆژی لێ بووەوە | وەک ڕۆژان بۆ جووت چووەوە |
جارجار سەری خەزنەی ئەدا | تا ساڵێک دەستی لێ نەدا |
بەهار هات وەردی دایەوە | ماندوو بوو پاڵی دایەوە |
ڕوانی گورگێک بە چەمەوە | وا هات شتێک بە دەمەوە |
لێی ڕاپەڕی بە پڵارێ | شتەی لە دەم خستە خوارێ |
کە دی مناڵێکی بچووکە | چاو داقڵیشاو بزبزۆکە |
داینا و نەختێک بووژایەوە | ئەمجا کە چوو بە لایەوە |
وتی: بە سووک تێم مەڕوانە | باوکم پاشای جنۆکانە |
وا یەت بە هەزار سوارەوە | جارێ منی لێ بشارەوە |
کە وتی: مژدەی چیت ئەوێ؟ | تۆ مارەیی دایکمت بوێ |
ڕوانی، وا شای جنۆکان هات | بانگی کرد: کوڕەم چی لێ هات؟ |
تاجی شاهیم بە سەرەوە | بۆ تۆ و کوڕەم بدەرەوە |
جووتیار وتی: لە تاج گەڕێ | مارەیی دایکیم بدەرێ |
بانگی کرد، هەردوو گۆیچکەی گرت | بە سەریا خوێند لە هۆش خۆی برد |
مستەکۆڵەی دا لە سەری | لغاوی لە دەم دەرپەڕی |
هەڵی گرت و گەڕایەوە | مام چەوەندەرە مایەوە |
هاتە هۆش خۆی واقی وڕ ما | وتی: یاران چیم لێ قەوما!؟ |
بە شوێن کلکی گادا وێڵم | ئەم دەشتە بۆ کێ دەکێڵم |
من گەنجی بێ ڕەنجم دەسکەوت | بۆچی بیکەم بە پاشەکەوت |
هاتە ناو شار بە دزیەوە | زەڕەنگەرێکی دۆزیەوە |
ئەڵماسێکی پێ نیشان دا | جووە شێت بوو لە تاواندا |
بە پێنجسەد لێرەی سەودا کرد | دایە و خانوویەکی پەیدا کرد |
1926/11/04
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|