لەمەو لا شەرتە نەدوێم و نەیڵێم ڕازی پەنهانی
|
لە دەستی دەرنەکەم عومرم بە بێهودە بە نادانی
|
دوعا بۆ هیچ کەسێ ناکەم نە بۆ بەرزی نە بۆ نزمی
|
نە ڕووسیم و نە یۆنانی نە جاپانی نە ئەڵمانی
|
کەسێکم بێ دەس و بێ سەر لە قەومێکم پەنا بە خوا
|
نە دەرمانم لەلای تورکە نە هیوامە بە ئێرانی
|
لەتاو دەردی گرانی نان و بەرگم چاوەڕێی مەرگم
|
ئەڵێم یا ڕەببی کەی دەرچم نەجاتم بێ بە ئاسانی
|
گەزێ چیتی ڕزیوی یازدە فلسی ئێستە مام حاجی
|
بە سێسەد فلسی نادا لای نەما یەک زەڕڕە حاڵزانی
|
زەخیرە و گەنمەکەی پێراری ئاغا و بەگ لە چاڵایە
|
هەمووی ئەسپێ سەری تێکرد و من مردم بەبێ نانی
|
ئەوا ئەمڕۆ شوکور ئۆخەی حکوومەت وەک شەکر بردی
|
هەمووی دابەش ئەکا لێمان بەبێ فەرقی و بە یەکسانی
|
ڕەشیدی قەومەکەیشم هەر دەف و کەشکۆڵ و تەزبیحە
|
هەموو تۆپ و دەبابە و دەبدەبەی شمشێر و قەڵغانی
|
لە برسانا ئەمردین هەروەکوو حەربی زەمانی زوو
|
ئەگەر نەبوایە بێ شک سێبەر و ڕەحمی بەریتانی
|
کە من بمرم لەژێر باری زەلیلی و بێکەسی ئەمڕۆ
|
بە من چی دەبدەبەی شاهی سەلاحەددین و بابانی
|
بەبێ غایە و ڕیا موفتی بڵێ دایم هەتا ماوی
|
فەقیر پەروەر، هونەروەر هەر بژین خەڵکی سلێمانی
|