لەناو دۆڵی مێرگەپان

لەناو دۆڵی مێرگەپان  (1952) 
by فایق زێوەر
لەناو دۆڵی مێرگەپان کوێستانەکەی کوردستان
ئەڕۆیشتم سەرگەردان سەرمەستی دیمەنی جوان
لەم بن دار بۆ ئەو بن دار وەک سەر لێشێواوی یار
سەرەوژوور و سەرەوخوار ئەمکێڵا هەردە و نزار
لەم کانی بۆ ئەو کانی وەک موغناتیسی گیانی
بە هێزێکی ئاسمانی ڕائەکێشرام پەنهانی
پیرەمەگروونی شیرین بە ڕەند و بەفری زیوین
بریسک و هووڕی ڕەنگین ئەیدا لە گەردوونی شین
لەپڕ شەماڵی نازدار پڕ لە بۆنی گیای نزار
بۆ سوپاسی کردگار ئەشنایەوە جاروبار
پەپوولەی جوان و ڕەنگین مەل بە ئاوازی شیرین
ڕمزن لەبۆ خۆشیی ژین شاد ئەکەن دڵی غەمگین
دیمەنی ئەم وڵاتە کە کانگای پیت و هاتە
چاوگەی هەوڵ و خەباتە بەڵگەی نەمری ئاواتە
هەی هەی لە شوانی ڕەبەن چەند بەجۆشە تەن بە تەن
وەک بگێڕێ زەماوەن قریوەی دێ لە بەندەن
جار بە جار شمشاڵی جوان ڕووئەکاتە ئاسمان
مارشی سەربەستیی ژیان لێ ئەدا بە سەد عینوان
منیش بە نەشئە و خەیاڵ لێم ڕوابوو پەڕ و باڵ
بۆ ماهی زەرد و سەر یاڵ فڕکەم ئەکرد بێ ئاواڵ
ناکاو دەنگێکی پەنهان هەروەک سروشتی یەزدان
بانگی کردم ئەی جوان خاس بڕوانە مێرگەپان
سەیر ئەکەم زۆر هەرزەکار هەموو چالاک و هوشیار
لەسەر دێبەر لە شوێن بار هەڵئەسووڕێن بێ قەرار
ئیشکەر کاسب گورج وگۆڵ لێیان هەڵماڵیوە قۆڵ
بەراو و دێم شیو و دۆڵ ئەکێڵن بۆ پارەی مۆڵ
ئەمبینی کاکەی جووتیار هێند کاسبە و بەدەمار
لەسەر دەستەدووێ هەوجاڕ چەماوەتەوە بێدار
خۆ دەستە کچی نازدار کە جوانترن لە هی شار
هێند سەربەستن و بەکار پۆل پۆل ئەچوون بۆ بژار
نە بە سووراو و نە سپیاو گۆڕیویانە دەم و چاو
بە کردە و جوانیی تەواو ئینسان ئەخەنە ناو داو
لە کوێستانی خوار و ژوور لەگەڵ وەنەوشە و چنوور
هەر لادێیی بێ غروور ڕائەبوێرن بە سروور
بە هەوڵ و بە ڕەنجی شان پەیا ئەکەن بەرگ و نان
هیچ کول نابن بۆ فەرمان لەش سووکن و بەسەزمان
ئەمویست تا ژینم ماوە لەو جێ خۆشە و سەرئاوە
گەر مشتێ پارەم داوە زنجێک بکەم لەو ناوە
زنجێک جوان و سادەکار خاڵی لە نەخش و نیگار
نەک وەکوو کۆشکی زۆردار بکرێ بە خوێنی هەژار
ئنجا بە زۆری بازوو خۆم ببوژێنمەوە زوو
لەسەر لەشێکی ماندوو دەس بەرم بۆ ئارەزوو
ئەوسا بە گیانێکی پاک ئەمتوانی بژیم بێ باک
ئەمتوانی بڵێم زۆر چاک سەربەستم نابم بە خاک

1945/6/29
سلێمانی

This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:

  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).

Public domainPublic domainfalsefalse