لە ئافاقی ژیانی ناهومێدم خەندەکەی بایی
لە ئافاقی ژیانی ناهومێدم خەندەکەی بایی فریشتەی پاکی هیوامی نیشان دام وا کە بیدوێنم
پڕیشکی تیشکی ئەستێرەی جوان ئیمشەو بە ئەسپایی بە سۆزێ هاتە نێو کونجی دڵی تاریکی پڕ خوێنم
دەسا دەی مەسدەری هەستی
دە خێرا لادەری پەستی
وەرە تا من بە ڕازی تۆ نەمامی شادی بڕوێنم
جوانی خونچەیێ بوو وا کە پەنجەی ڕازی ڕاکێشای دە سەیری چەند بە وەسڵی زوڵفی خاوت شاد و مەسروورە
لەڕووی ڕاستی ئەتۆش وەک ئەو گوڵێکی چیمەنی دنیای کەچی تاجی دڵی هێشتا دڵت لەم حاڵە ڕەنجوورە
بە خەندەی نەرمی دڵپاکیت
ئەخوم سوێندێ بە ڕووناکیت
ئەگەر هەستێ بە ژین وا بێ لە جەرگی ڕاستیا دوورە
نووری ژیانە فەیز و نووری ئاسمانی شین هەموو چەپڵەی گوشادی لێ ئەدەن هەرچی کە ئەیبینی
لە سەر ئەم خاکە گەردێکین، دە ئێمەش ڕوو لە شادی بین فەرامۆشی بکەین جارێ، چەژەی تاڵاوی غەمگینی
بە دڵ ڕوونی و ڕوو خۆشی
بە خەندە نەک بە خامۆشی
بنۆشین جامی دڵداری لەبەرکەین بەرگی نەمرینی
دە هەڵسە با بینا کەین مەعبەدی پیرۆزی دڵداری لە تیشکی ڕۆژ لە شەوقی مانگ، لە ڕەنگی پەلکە ڕەنگینە
کە هەر کامەی بڵێی پاکە لە کردەی قودرەتی باری نیشانەی کردگارێکە و بناغەی پەیڕەوی دینە
لە شوێنێ پڕ لە هەستی بێ
کەرستەی خۆشەویستی بێ
لە نێو ئەم باغە بێ جێگەی کە تۆم لێ دیت لە هاوینا
لە پەلکی تازە پشکوتووی نەژاکاوی گوڵی نەسرین کراسێکی سپیی بێگەرد دروست کە شەنگ و دامەن شۆڕ
لەبەر کە و زوڵفی زێڕینت بەسەریا بێنە خوار چین چین پەری تیم تیم، بە ڕاز و ناز، لە بۆت بێنن بنەوشەی مۆر
بە ئاوازو نەوا و تەسجیل
بهۆنن پێچەکەی ئیکلیل
ببەن کڕنوش، بڵێن: ئەی شۆخ، پەری زادەی گزنگی خۆر
ئەوا ئیکلیلی دڵسۆزی و دڵارامیت ئەکەین پێشکەش کە هەر چەپکەی خەم و مل کەچ سروشتی نەجەوانێکە
نیگارێ بوو، بە ناکامی بە گریاوی، بە ئێش و نێش لە ژین ڕۆیی ئەوێستاکە هەوێنی داستانێکە
بە یادی ئەو دڵەی تینوو
کە چۆن هات و وەهاش دەرچوو
بڕۆ ناو ئابدە و سەیری چە پیرۆز جاویدانێکە
وەرە نێو ئابدەت تا من لەبەر پێت دابدەم ئەژنۆ لەبەر وەی نادڵارامی لەبەر وەی چونکە باڵایی
خودای شیعر و پەری هیوای بڵێسەی هەستی بەرزی تۆ هەواڵی هاوڕەگ و خوێنی فرشتەی شۆخی میدیایی
لە ڕووی چاکە و وەفاداری
بە یادی جامی دڵداری
لە مەستی خۆشی بمهێڵی دروشمی خەندەکەی بایی
1944/03/14
بەغدا
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|