لە بنی بیرا
وەک قرژانگ و وەک مشک و مار | بەم کونەدا هاتوومە خوار |
بە چنگ، بە پێ، بە پاچ، بە دان... | هەڵئەکەنم بۆ خۆم زیندان! |
تا هەڵکەنم ڕۆتر ئەچم | هەی قوڕ بە سەر کوڕ و کچم! |
بەو ڕەنجەی من بۆیان ئەدەم | تیکەی وشکیان ناگاتە دەم! |
خۆیشم، لە بنی بێ ئەرزم، | بۆ تاریکی و ترس ئەلەرزم، |
تەقە و ڕەقەی پارچە ئاسن، | کە دێ و دەچێ بۆ سەر و بن، |
پڕ ئەشکەوتێک سام و گومان | ئەخاتە دڵ بۆ داخورپان! |
هەوای نەفەس گەرووگیرە، | قەنارەم قووڵاییی بیرە! |
هاکات زانی بە (گاز) خنکام! | یان ئاسنێک لە کەللەی دام |
یان باسقەنەی نەوتی لە پڕ | بۆ ئاسمانی هەڵدام بە گوڕ! |
کە من مردم، کچ و کوڕم | ئەخۆن لە کام کاسەی پڕم؟ |
کێ نانی وشک، کێ بەرگی شڕ، | پەیدا ئەکات بۆ کچ و کوڕ؟ |
بەری ڕەنجی عومری درێژ | گشت کەوتە لای ئارەق نەڕێژ |
کردەم بردەی کۆمپانی بوو: | هەم ڕەنجم چوو، هەم نەوتم چوو! |
بڵێن دەرچووم لە بنی بیر: | بێ هێز، پشت کۆم، ڕیش سپی، پیر! |
ئەوسایش پەنا بۆ پەک کەوتوو | هەر مردنە و، مردنی زوو! |
تاگەل کاری ناو خۆی وا بێ، | کوڕیش ژینی چاتر نابێ! |
ئەویش وەک باوک، ڕێی کوڵۆڵی | ئەبڕێ و، ئەبێ بە نەوت خۆڵی، |
ئەو نەوتەی مام کۆمپانیمان | پوختەی سوودی خستە گیرفان! |
ئێمەیش لە گەنجی ڕەنج و نەوت | ئاخمان بەرکەوت، داخمان بەرکەوت!... |
1953
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|