سەد شوکور وا من نەمردم تا کە دیم ئاڵای کورد
|
کەوتە بەر چاوم بە بەرزی، سووڕەت و سیمای کورد
|
باز بوو، دوورابوو دیدەی نەرگسی شەهلای کورد
|
مژدە بێ ئەمڕۆکە بەربوو چاوی پڕ بینای کورد
|
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
|
بانگ کەنە ئەڕواحی پاکی ئەردەڵانی نەڕڕەشێر
|
یا بڵێن: کاوە لە کوێی؟ ڕۆژێ هەزار یادت بەخێر
|
بێننە بەرچاوی خۆتان هەڵمەتی زەندی دلێر
|
هەر بڵێن ئەم شێعرە، ئەهلی کۆهسار و گەرمەسێر
|
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
|
چەن زەمانێکە ئەسیر و ژێرچەپۆکەی عالەمن
|
سەرکز و بێ قیمەتی بەرچاوی زادەی ئادەمن
|
دیلی زیندانی نەزانین، مەستی بادەی ماتەمن
|
بانگ کەنە یەکتر هەمووتان چونکە ئەمڕۆ بێ خەمن
|
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
|
پووشی وشکی دەشتەکانم بۆ نەبێ ئەمڕۆ بە گوڵ!؟
|
چاوی بەدگۆی کوردسانم چۆن نەبارێنێ بە کوڵ
|
وا شکۆفەی بەختی کوردی بوو بە گوڵ بۆ تاجی چڵ
|
کوردە! تۆ دینت بە جارێ هەر بڵێ ئەمڕۆ بە دڵ
|
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
|
قەت لە بیرت دەرنەچێ کوردە، زڕەی زنجیری پێت
|
تۆ تەماشا کە لە دەس بێگانەکان چی هاتە ڕێت!
|
کوانێ بابی گۆڕغەریب و مامەکەی بێ شوێن و جێت؟
|
کوردە چون تۆ دڵبرینی، شل کە بۆ ئەم شێعرە گوێت:
|
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
|
نەوبەتە، باراش لێکە، ئاشی گێتی کەوتە گەڕ
|
شێر نەترساوە لە بەزم و شۆڕشی مەیدانی شەڕ
|
گوێ نەدەی هەرگیز بە هاشە و هووشەیی ئەربابی زەڕ
|
هەڵگرە ئەم دەستەشێعرە و دابنێ سەد سەوڵی تەڕ:
|
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
|
سەد شوکور وا ئەرزەڕۆم و وان و بتلیس و چەچان
|
دەستی دایە دەستی هەرکی، کوردی زازا و بەبان
|
شاری خەرپووت و جەزیرە و مەنتیقەی بەرزانییان
|
با بە بەستە و چەپڵە بێژن؛ دەم بەدەم، شام و بەیان:
|
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
|
خانەقین مژدەی ئەدا ئەمڕۆ بە دیاربەکر و هەرات:
|
پێچەوانەی دەوری پێشوو ڕۆژ لە شیمالۆ هەڵات
|
سەیری کە، تیشکی چلۆن ڕووناکی خستە سەر وڵات!
|
ئەم وتارە بیری دڵ بێ، چاکە بۆ ڕێگەی نەجات:
|
هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد
|