لە تاوی چاوەکەی مەستت دووچاوم پڕ لە خوێناوە
|
حەنایی پەنجەکەی دەستت بە خوێنم ڕەنگی هێناوە
|
ئەوەی دەردی فیراق پێی کردووم ئەسڵا بەیان نابێ
|
لەنێو ئیسلامەوە نەبووە لەلای کافر نەقەوماوە
|
هەتا مردن بناڵێنم لە غەم تەسکینی دڵ نایێ
|
لە سۆزی فیرقەتی جانان وەها مەفتوون و شێواوە
|
دەوای وەسڵی نەبێ ئەسڵا شیفای دەردی دڵم نایێ
|
لە ڕێگەی خوا عیلاجێکم بکەن، تاکوو نەفس ماوە
|
بڵێسەی ئاوری دووریت وەها جیسمی منی سووتاند
|
بە دائیم دووکەڵی ئاهم دەچێتە عەڕشی ئەعلاوە
|
لە بەدبەختیمە بۆیە لەیلەکەم بێ مەیلە دەرحەق من
|
سەبەب توولی شەوی هیجرانە، تالع هەر لە خەو ماوە
|
لە سافی گەر دەپرسن بۆچی وا پەژمووردەیە ئێستێ
|
لە خزمەت یاری دوورە بۆیە وا غەم دەوری لێ داوە
|