لە حەسرەت دەردی بێ دەرمانی دوریت وا پەشۆکاوم
لە حەسرەت دەردی بێ دەرمانی دووریت وا پەشۆکاوم | لە شێوانی جەفا ئامێزی مەئوای دڵ پەشێواوم |
ئەزانی چی بە عەقڵ و هۆشی کردم قەشمەری خەلقی | گەلێ جار لێم ئەشێوا، خوایە چی بێ مەبدەئی ناوم |
ئەڵێن: شێتی وەفای هاودەردی یاری میهر و دڵسۆزی | ئەڵێم: ڕاستە. ئەلێن: کوانێ؟ لە بەحری حیرەتا ماوم |
دڵی خۆم خستە سەر سینی سزاواری و لە بۆتم نارد | کە هاتە بەردەمت داتە دەمی سەگ گوایە هەر خاوم |
ڕەقیب و موددەعیش ئێستا بە لاما دێن بە گاڵتە و گەپ | بزانم تا بە زاری فیتنەجۆیی وا نەجووراوم |
لە قاقای پێکەنینی فەوزی سەرگەرمی ئەدەن وەختێ | ئەبینن دوو دڵۆپەی ڕوون و گەرمی ئەشکی دوو چاوم |
لە ئانی نەزعەتا بووم وشکە سۆفی هات و لێی پرسیم | وەفات چۆنە وتم: بیللا لەسەر عەینی وەفا ماوم |
1944
ڕانیە
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|