لە خەودا شەرع و دینم دی دەگریان
|
بە دەستوورێ کە مردوو بێ پدەریان
|
کە چاوم کەوتە شین و باوکەڕۆیان
|
دڵ و جەرگم لە تاوا بوونە بریان
|
ئەگەرچی دڵڕەق و غەرقی گوناهم
|
منیش بوومە شەریکی دەردەسەریان
|
لەپاش ئەم شیوەن و گریانە پرسیم
|
کە چی بوو باعیسی دەرد و کەدەریان
|
جەوابیان دا بە دەنگی نەرم و مەحزوون
|
لەبەر ئازار و سووتاوی جگەریان
|
برادەر تەعزییەی شێخ و مەلایە
|
لە دونیادا نەما شوێن و ئەسەریان
|
کە ئەهلی دین نەماوە ئەهلی دونیا
|
هەموو دوورن لە ئەمری پێغەمبەریان
|
چرا بکوژێتەوە تاریکە دونیا
|
پدەر مرد و هەتیو ما ڕووت و عوریان
|
ئیتر بێ حورمەتی شێخ و مەلایە
|
خوسووسەن عالیمی مێزەربەسەریان
|
ئەوان بوون قەدری شەرع و دین بزانن
|
نەمان و شەرع و دینمان قوڕ بە سەریان
|
موسوڵمانی ئەمێستا ئیسم و ڕەسمە
|
پەرێشانن بە خزمەت گا و کەریان
|
پەنا بە خوا لە شەڕی ئەم زەمانە
|
زوبان بگرن نەبن تووشی زەرەریان
|
لە ئەبنائی زەمان دڵ هەڵئەشێوێ
|
نەزیک و دوور حەزەریان تا سەفەریان
|
بە شەربە و شۆربا ڕازی بە سابیر
|
بەشەر با بێنە شەڕ دووری لە شەڕیان
|