لە دارولحوزنی دووری ئیختیاری غەم نەکەم چی بکەم

لە دارولحوزنی دووری ئیختیاری غەم نەکەم چی بکەم (1934)
by ناری
309384لە دارولحوزنی دووری ئیختیاری غەم نەکەم چی بکەم1934ناری
لە دارولحوزنی دووری، ئیختیاری غەم نەکەم چی بکەم؟ بەبێ مەعشووقی شادی، دەس لە مل ماتەم نەکەم چی بکەم؟
ڕەئیسی تاقمی بەدبەختی سەختی کێشی ئەییامم، وەکوو وەحشی لە زومرەی ئەهلی عیشرەت ڕەم نەکەم چی بکەم؟
کە ئاهی سینە وەک جۆشی سەماوەر بێ لە جونبوشدا لە جێگەی چا لە دڵما خوێنی جەرگم دەم نەکەم چی بکەم؟
نەبوو بۆ من دەمێ غونچەی سرووری گوڵشەنی وەسڵت لە خارستانی هیجرت خاری میحنەت، جەم نەکەم چی بکەم؟
بیابانی فیراقت وادییەکی گەرم و بێ ئاوە قەناعەت گەر بە ئەشکی ئاتەشی گریەم نەکەم چی بکەم؟
موشەووەش بوو بە مەشرووتەی ئەلەم ئەوقاتی ئێرانم بە سالاری خەیاڵت فیکری دەفعی غەم نەکەم چی بکەم؟
لە شوعلەی ئافتابی تەلعەتت یەک مانگە مەحروومم لەژێر باری غەما پشتم هیلالیی خەم نەکەم چی بکەم؟
دڵم وەک ئاش و دەردم ئاشەوانە بۆ مزەی میحنەت سروشکی دەم دەمی چاوم، بە سەیلی چەم نەکەم چی بکەم؟
لە بۆ میعراجی وەسڵت بێ بوراقی پڕتەوی لوتفت لە کولبەی میحنەتی عەزمی حزوورت کەم نەکەم چی بکەم؟
عرووسی فیکری ناری زێوەری تەحسینی مەحموودە بەبێ زێوەر دەسا بووکی تەبیعەت زەم نەکەم چی بکەم؟


This work is now in the public domain in Iran, because according to the Law for the Protection of Authors, Composers and Artists Rights (1970) its term of copyright has expired for one of the following reasons:
  • The creator(s) died before 22 August 1980, for works that their copyright expired before 22 August 2010 according to the 1970 law.
  • The creator(s) died more than 50 years ago. (Reformation of article 12 - 22 August 2010)

In the following cases works fall into the public domain after 30 years from the date of publication or public presentation (Article 16):

  • Photographic or cinematographic works.
  • In cases where the work belongs to a legal person or rights are transferred to a legal person.