لە دووری قەدد و باڵاتە پەرێشان خاترم ئیمڕۆ
|
لەتاوی دەردی هیجرانە غوڵامی ساغیرم ئیمڕۆ
|
لەبی مەیگوونی تۆ بوو وا منی خستۆتە ئەم فیکرە
|
لەناو جەمعی ئەدیبانا شکور وا شاعیرم ئیمڕۆ
|
خەیاڵی خاڵی ڕووی تۆ بوو کە دەرسی عیلمی فێر کردم
|
لە ئەبحاسی علوومی ئەنجوما وا ماهیرم ئیمڕۆ
|
وەکو غەیرم خوا گەر نیعمەتێ لایق نەبینێ بۆم
|
بە دوو خەپلە و قومێ ئاو حمد اللە شاکیرم ئیمڕۆ
|
نەبینی زاهیرم، لێشم مەکەوەرە شوبهەیی ناحەق
|
لە خوا ناسین و ئایینا بە حەق من تاهیرم ئیمڕۆ
|
کە غایەی من لەسەر عەشقی حەقیقەت بێ نییە باکم
|
خەجاڵەت مابێ بەدئەفکار لە فکری عاتیرم ئیمڕۆ
|
کە من پشت و پەناهـ و دەسگرم سەرداری عالەم بێ
|
لە قەبرا بێشکە حازرجوابی مونکیرم ئیمڕۆ
|
ئەیا عورفی هەتا ماوی لە ئایین لا نەدەی هەرگیز
|
حەسوودانم سیەهـ ڕوو بن لە فکر و باوەڕم ئیمڕۆ
|