ڕۆژێ لە ڕۆژان بێکار و بەتاڵ
|
ئاسوودە و ڕەحەت لە نەبوونی ماڵ
|
بێ یار و یاوەر، بێ برا و هاودەم
|
بێ ڕەفیقی ڕۆژ، دەروون پڕ لە غەم
|
پاڵ دام وە سەرین حەریری گوڵڕەنگ
|
بیر دام وە کردار چەرخی شەوەزەنگ
|
نواڕیم زەمزەمەی جاران کۆتایە
|
بنچینەی شادی، گەردی بە بایە
|
مزگەوت بێ ڕەونەق، دیوەخان وێران
|
ئاوایی بێ شەوق، نۆکەر سەرگەردان
|
بێ ناز کەوتوون دووتەپڵە و دەهۆڵ
|
تانجی بێ سوار، ڕاوگە چۆڵ و هۆڵ
|
عەشایەر سەرکز، تایەفە بێدەنگ
|
میللەت میللەتان لێوزەرد و بێڕەنگ
|
وتم چاک وایە تۆشە پەیدا کەم
|
ئیقلیم بگەڕێم سەیری دنیا کەم
|
هەتا بزانم گەردوونای گەردوون
|
کێی کردوە بە شا، کێی خستوەتە توون
|
کێ لە ڕەحمەتە و کێ لە زەحمەتە
|
کێ خاوەن شەئن و کێ لە حورمەتە
|
نەجیب نانەجیب، نانەجیب نەجیب
|
تۆخلی، خاوەن مڵک؛ خاوەن مڵک، غەریب
|
کەشکۆڵم هەڵگرت عەبام خستە شان
|
زرێ و چوارئایین، ڕەسمی دەروێشان
|
دەف و قەیارە و دووحاچە و شمشێر
|
مەترەقی چلچل، کڵاوەی دلێر
|
کەڵپۆس و عەسا، پۆس لەنگی نەکۆڵ
|
قاپ قاپ و دانەی شاخ نەفیلی چۆڵ
|
جامی چل کلیل، پێنج پەنجەی زەڕین
|
تەختەی سەداقەت، سەد دانەی بەردین
|
خەرقەی سەدپارە و تاجی گەدایی
|
کوولەکەی فەقر و شێوەی ڕیسوایی
|
بەیداخی عەشرەت، شەجەرەی شێخان
|
دایەرەی میحنەت، حەمەیاڵی شان
|
دەلایلی خێر، قورئانی نوورین
|
قوتوو، قەڵەمدان، ئەسپابی نووسین
|
هەم سەفەرنامە و بەیاز و دەفتەر
|
بەرد و بەردئەستێ، ئەساسەی سەفەر
|
بە سەعاتێ خاس، ڕۆژێ موبارەک
|
نیوەڕۆی جومعە گرتم تەدارەک
|
گا بە کەیفخۆشی، گاهێ بە گریان
|
گا بە سۆزی دڵ، گۆرانی شێخان
|
گا شێعری شیرین، شێخی مەولەوی
|
گا گوریزی حەق، مەولای مەسنەوی
|
گا ڕوو بە مەقسەد، گا بۆ دواوە
|
گا دەم بە خەندە، دەس بە دۆعاوە
|
بەم نەوعە چەن ساڵ خەریک سەیران بووم
|
گا گا لە دێهات، گا لە شاران بووم
|
چەن چۆڵم تەی کرد، چەن دێ و چەن شاران
|
چەن مەنزڵگای شەو، لە بەر موغاران
|
چەن تەماشای تاق برۆی سێوەنگی
|
چەن قەرەزوڵفان وەک ماری جەنگی
|
چەن تاقی زەڕباف، چەن گێلگێلەی سوور
|
چەن کوڵمی بێ غەش، ساف وێنەی بلوور
|
چەن گەورەکچان غەزاڵی سەرمەست
|
چەن هەرزەکاران، دەمانچە بە دەست
|
چەن دێی وێرانە، چەن دێی ئاوەدان
|
چەن قەڵای کۆنی دەسەڵاتداران
|
ناگاە لە تەقدیر خوای لامەکان
|
ڕێم کەوتە چۆڵێ، دەشت و بیابان
|
نە دار بوو، نە ئاو، نە پووش، نە گیا
|
غەیری زاتی پاک خۆم تاقی تەنیا
|
خەیلێ تێفکرام نیگام کرد لە دوور
|
کەوتە بەر چاوم لەتە خشتێ سوور
|
لە دیتن ئەو خشت گەلێک عەجەب مام
|
خشتم بەرزۆ کرد بە سەد ئیحتیرام
|
وتم یا کەریم «علّام الغيوب»
|
ڕەحمان و ڕەحیم، «غافر الذنوب»
|
ئەمە هی کێ بێ؟ کێ دروستی کرد؟
|
کێ نایە چین ماڵ؟ کێ لە دوای مرد؟
|
کێ خستیە قاڵب؟ کێ شێلای بە ئاو؟
|
کێ نایە کوورەی بڵێسەی بەتاو؟
|
کام بەنای ژیری چەرخی ڕۆژگار
|
نایە دیواری کام کۆشک و تەلار؟
|
بە فەرمانی خوا هاتە گفتوگۆ
|
وتی ئەی قانع! گێلی ڕەنجەڕۆ
|
هەرچی ئەپرسی بێ کەم و زیاد
|
بۆت بەیان ئەکەم زۆر بە خاترشاد
|
من خاکی کەللەی گەلێ پادشاهم
|
پادشای بێباک، حیشمەت نیگاهم
|
ئەووەڵ ئەسکەندەر، شاهی زولقەڕنەین
|
دووەم شاعەباس، سێهەم شاحسەین
|
چوارەم کەیقوباد، پادشای کەیان
|
ڕەشید و سەخی، خاوەن سفرە و خوان
|
پێنجەم شای میسر، عەزیزی مەرغووب
|
خڕیداری پاک یۆسفی یەعقووب
|
شەشەم کەیومەرس، حەوتەم نەوشیروان
|
ئیحیاکونەندەی بنچینەی کوردان
|
هەشتەم ئاردەشێر پاشای ساسانی
|
نۆهەم ئەردەوان گەورەی ئەشکانی
|
دەهەمین، نەمروود ئاشووری نەژاد
|
پادشای بێ دین، دوور لە حەق و داد
|
نۆبەیان ڕۆیی و دەورەیان تەواو
|
مەغزیان لەگەل خاکا تێکەڵاو
|
زەڕڕە زەڕڕە بوون، بوون بە غوبارێ
|
کەللەی هەر پاشا کەوتە دیارێ
|
بە ئەمری خوا پادشای بێ عەیب
|
شەماڵ هەڵیکرد لە کارخانەی غەیب
|
لە خاکی هەر یەک تۆزێکی هانی
|
تێکەڵی کردن زۆر بە ئاسانی
|
لە تەقدیری حەق خوای لایەنام
|
لەو تێکەڵبوونە من دروست کرام
|
سەد ساڵ لەسەریەک من خشتی کاڵ بووم
|
لە خوتەن زەمین، بنەڕەت ماڵ بووم
|
من بوومۆ بە خاک هەروەک ئەوەڵ جار
|
بە ئیزنی بێچوون پادشای غەففار
|
لە دوای ئەو ماڵە کرام بە ئاجوور
|
نرامە دیوار قەڵای سەلم و توور
|
هەتا سەلم و توور تەواو بەرباد بوون
|
لە بازیچەی چەرخ میحنەت ئازاد بوون
|
ئێستە یادگار شاهانی دەورەم
|
لەم بیابانە پڕ جەفا و جەورەم
|
زانیم ئەم دنیا بێ بەقا و بەینە
|
قاتڵی هەزار ئیمام حسەینە
|
کوانێ دیاکۆی شاری هەمەدان؟
|
کوانێ ڕۆستەمی دەشت مازندەران؟
|
کوانێ ئەفراسیاب، کوا خاقانی چین؟
|
کوا پاڵەوانان لە سەر ڕووی زەمین؟
|
کوانێ فەرهادی هونەرمەندی کورد؟
|
کە لە ڕێی عیشقا ڕۆحی فیدا کرد
|
حاڵی من وا بوو ئەوەڵ تا ئەنجام
|
عەرزم تەواو بوو باقی وەسسەلام
|