لە سەفەر هاتەوە، سەرپۆشی لە ڕووی کردەوە باز
|
قەمەری تەلعەتی دەرکەوت و دڵم بوردەوە باز
|
بە سەلامی، دڵی ئاتەشکەدە تەسکینی هات
|
بە کەلامی، جگەری ڕیشمی چا کردەوە باز
|
ئەمە جێی سەجدەیی شوکرانە و سەر دانانە
|
کە خودا مەرحەمەتی کرد و گەیشتم بە مراز
|
زەهەب و فیززەیی جان دەرچوو لە بۆتەی هیجران
|
نییەتی ترس و غەمی دەست و دەمی مزگەر و گاز
|
دڵ و جان گەرچی لە دەرد و غەمی دووری دوورن
|
هیچ فەرقی نییە کەوتوونەوە بەر غەمزە و ناز
|
بە خودا هەر غەم و ئازارە چ دوور و چ نزیک
|
هەردوو هەر قاتڵی دوڕڕاجە چ شاهین و چ باز
|
وەکوو دونیا غەم و ئازارە چ بوون و چ نەبوون
|
مار هەر ماری زەهردارە چ کۆتا و چ دراز
|
فەرەح و ڕاحەتی تێدا نییە دونیا بە خودا
|
بە مەفادی خەبەری سەییدی ساحیب ئیعجاز
|
لەتە نان و قومە ئاوی کە بە هەر کەس دابێ
|
بە یەقین نانەکە زەهراوییە ئاوی کولە گاز
|
بە زگی مادەری دونیا دز و جەردەی هێنا
|
نە لە عەللامە ئەپرسن نە لە حوججاجی حیجاز
|
بەخەبەر هاتم و زوو سەجدەیی شوکرم هێنا
|
کە هەموو زامی دڵم خۆش بووەوە کۆنە و تاز
|
غەرەزت یارە دیارە مەکە هاوار و فیغان
|
غەرەزت ماڵە بماڵە بە عەبا جێگە نەماز
|
بە خودا زەحمەتە دەروێش قەبووڵ بێت و نوێژ
|
کە لەبەر چاو و قبووڵی ئەکەی ئەم سەجدە دراز
|
سابیری مادەر و فەرزەند، هەموو باوەکوژن
|
عەجەبا باوەکوژت کردووەتە مەحرەمی ڕاز
|